لە 2040 ڕۆبۆت پیشەكان لە بەریتانیا داگیر دەكات

:: AM:09:30:25/03/2017 ‌

توێژینەوەیەكی بەریتانی ئاشكرای كرد، كە ڕۆبۆتەكان لەگەڵ گەیشتن بە دەیەی چوارەمی سەدەی 21، سێیەكی پیشەكانی بەریتانیا كۆنتڕۆڵ دەكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەرفەتی كار و كێشەی گەورەی ئابووری.

توێژینەوەكە ئاماژەی داوە، ئەو دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دەیان ملیۆن بەریتانی كە ئێستە خاوەنی كارن، بەڵام دەرفەتی كاریان یەكجار كەم ببێتەوە.

كۆمپانیای وۆتەر هاوس كۆبرس ئەو توێژینەوەی ئەنجام داوە و دەڵێ، لە دەیەی چوارەمی سەدەی 21 نزیكەی 30% كارەكان لە بەریتانیا لەلایەن ڕۆبۆت و سیستەمی خۆكارەوە بەڕێوە دەبرێن، لە ئەمەریكا 38% و لە ئەڵمانیا 25% و لە ژاپۆن 21%ی پیشەكان دەبن بە ڕۆبۆت و سیستەمی ئەلیكترۆنی خۆكار.

ئەو پیشانەی كە خەڵكی لە بەریتانیا لە دەستی دەدەن، لە نێوان پیاوان و ئافرەتان جیاوازی هەیە، بە جۆرێك 35% ئەو كارانەی پیاوان دەیكەن، لەلایەن ڕۆبۆتەوە مەترسییان لەسەر دروست دەبێ، بەڵام ئافرەتان 26% كارەكانیان لە دەست دەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە بەریتانیا ئافرەتان زیاتر كەرتی تەندروستی و فێركارییان داگیر كردووە و ڕۆبۆتەكانیش لەو بوارەدا توانای شوێنگرتنەوەی ئەوانیان نییە.

ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو دیاردەیە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەرفەتی كاركردن لەلایەن مرۆڤەوە، بەڵام دەكرێ تەنیا شێوەی كارەكانیشیان بگۆڕێ لە هەندێك حاڵەتدا، نەك مرۆڤەكان بێكار بن.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د