تایبه‌ت به وشه
یانه‌ی هه‌ولێر بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك یانه‌یه‌كی كوردستان به‌شداریی له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا ده‌كات له یاریی تۆپی باله.
فیدراسیۆنی تۆپی باله‌ی ئاسیا رای گه‌یاند، یانه‌ی هه‌ولیر وه‌ك نوێنه‌ری عێراق و له شوێنی یانه‌ی به‌حری، كه پاڵه‌وانی عێراقه، به‌شداریی له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا ده‌كات.
ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه بۆ یانه‌ی هه‌ولێر، كه بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك یانه‌یه‌كی كوردستان به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تیی ئاسیا بكات له تۆپی باله‌دا.
له لای خۆیه‌وه ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر زانیارییه‌كانی پشتڕاست كرده‌وه و به "وشه سپۆرت"ی راگه‌یاند، یانه‌ی هه‌ولێر به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ده‌كات، كه له 14ی ئه‌م مانگه له تارانی پایته‌ختی ئێران ده‌ست پێ ده‌كات و نزیكه‌ی 10 رۆژ ده‌خایه‌نێت".
گوتیشی: "تیپه‌كه‌مان خه‌ریكی مه‌شق و ئاماده‌كارییه به سه‌رپه‌رشتیی راهێنه‌ر كاكه‌جوان ره‌مه‌زان، هه‌روه‌ها چوار یاریزانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دوو یاریزانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی پێوه‌ندییان به تیپه‌كه‌وه كردووه".
ئیبراهیم گوتی "هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه تیپه‌كه‌مان به شێوه‌یه‌كی باش بۆ خوله‌كه ئاماده بێت و ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكات".
یانه‌ی هه‌ولێر به پێی تیروپشكی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه، تیروپشكه‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه‌یه:
كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م: په‌یكانی ئێرانی، ناخۆن راتچاسیمای تایلاندی، غازی جنووبی عێراقی، سانتۆری سانبێردرسی ژاپۆنی.
كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م: موقاوه‌مه‌تی یه‌زدی ئێرانی، ره‌ییانی قه‌ته‌ڕی، تارازی كازاخستانی، هه‌ولێری عێراقی.
جێی ئاماژه‌یه یانه‌ی "غازی جنووب"ـیش وه‌ك نوێنه‌ری دووه‌می عێراق به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ده‌كات.
له لایه‌كی تر میدیای ئێرانی بڵاویان كرده‌وه، یارییه‌كانی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له هۆڵی ئازادی له تاران به‌ڕێوه ده‌چن، كه جێگه‌ی 12 هه‌زار هانده‌ری تێدا ده‌بێته‌وه.