كۆنتی هەوادارانی یانەی چێڵسی لە جیهان زیاد كردووە

:: AM:09:57:30/03/2017 ‌

یانەی چێڵسی لەم وەرزەدا دەستی بەسەر تەواوی تۆپی پێی ئینگلیزیدا گرتووە بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە بەدەستهێنانی ناسناوی خولی نایاب نزیك بووەتەوە و هەروەها لە جامی ئینگلتەڕاش گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك دەركەوتووە كە لەگەڵ هاتنی ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری ئیتاڵی بۆ ریزی یانەی چێڵسی، هەوادارانی ئەو یانەیەش لەسەرتاسەری جیهان بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.

لێكۆڵینەوەكە رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئەنجامی داوە و بۆ ئەمەش تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)ی كراوەتە ئامانج كە تێیدا دەركەوتووە هەوادارانی ئەم یانەیە لەسەر تۆڕەكە لە وەرزی ئەمساڵدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە هەرچەندە یانەی مانچستەر یونایتد تا ئێستاش لەسەر ئاستی جیهان یەكەم یانەی ئینگلیزییە لەرووی هەوادارەوە، بەڵام یانەی چێڵسی تاڕادەیەكی زۆر لێی نزیك بووەتەوە و رەنگە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا ئەو ناسناوەی لێ بستێنێتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە زۆرترین رێژەی هەواداری یانەی چێڵسی لە ئیتاڵیا زیادی كردووە كە ئەمەش رەنگە بەشێكی كەمی پەیوەندی بە كۆنتییەوە هەبێت، چونكە پێشتر یانەكە چەندان راهێنەری ئیتاڵی وەك كارلۆ ئەنچیلۆتی، رۆبەرتۆ دی ماتیۆ، كلاودیۆ رانیێری و جیافرانكۆ زۆلای هەبووە، بەڵام هەوادارەكانی وەك ئەمساڵ زیاد نەببوو.

یانەی چێڵسی دوای ئەنجامدانی 28 یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی ئینگلیزیدا، ئێستا بەكۆكردنەوەی 69 خاڵ لە ریزی یەكەمی یانەكان دێت و 10 خاڵ جیاوازی لەگەڵ نزیكترین یانە لێیەوە هەیە كە یانەی تۆتنهامە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م