وەرزش بە خێر و سەدەقە بەڕێوەناچێت!

:: PM:12:32:13/09/2022 ‌
ئاراس رواندزی

سەرکەوتنی هەموو کایەک لە ژیاندا پێوەستە بە کۆمەڵێک کەرەستە و میکانیزمی سەرخستن، ئەزموون و ئیدارەدانێکی باش دوو خاڵی گرنگن بۆ گەیشتن بەو هیوایە، لێ بێ نەبوونی پاڵپشتیەکی بەهێزی دارایی، رەنگە تەواوی پڕۆژەکەت لەبار بچێ، یان نەتوانی وەک پێویست ئامانجەکەت بپێکی.

 لە دوای رووخانی رژێمی بەعس و پڕۆسەی ئازادی عیراق، لە کوردستان وەرزش بە گشتی و تۆپی پێش بە تایبەتی تا ئەندازەیەک کرانەوە و پێشوەچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەشیان بە پاڵپشتی و هاوکارییە سنووردارەکەی دامەزراوە وەرزشییەکانی ناو حکوومەت و تا ئەندازەیەکیش حزبەکان هاتەدی، کە خاوەنداریه‌تیی زۆربەی یانەکان دەکەن، بەڵام لەوساوە تا ئێسته‌ش نەتوانراوە میکانیزمێک بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیە دابنرێت، کە ساڵانە وەک خێر و سەدەقە بە یانەکان و دامەزراوە وەرزشییەکان دەدرێت، تا بە دادپەروەرانە و بە پێی قەبارە و ئاستی رکابەرییەکان، بەسەریاندا دابەش بکرێت. 

بەهۆی ئەوەی ئەو بڕەی بە یانەکان دراوە و دەدرێت، دیاریکراوە و تەنیا بۆ پشکداریکردنی خول و پاڵەوانیه‌تییە و ناتوانرێ پلانی درێژخایەنی پێدابنرێ، بۆیە لە هەر کات و ساتێکدا حکوومەت بکەوێتە قەیرانی دارایی، راستەوخۆ وەرزشیش ئیفلیج دەبێ، چونکە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا هیچ تیپێک نەیتوانیوە بناغەیەکی پتەو بۆ ژێرخان و سەرخانی یانەکەی دابنێ و چاوی لە هاوکاری حکوومەت و حزبەکان نەبێ.

 بە هۆکاری شوێنی کارکردنم، رۆژانە دەبینم یانەکان دەرخستەی تایبەت بە خەرجی رکابەرییەکان و پێداویستیەکانیان پێشکەش بە لایەنی پێوەندیدار دەکەن و هەر یەکێکیان داوای گوژمەیەک دەکات، ئەوەی من لەمبارەوە دەیبینم، بێ سەرووبەرییەکی زۆر هەیە، هیچ پێوەرێک بوونی نییە و هەموو یانەیەک ئازادە دەرخستە و داواکاری پێشکەش بکات، جا یانە هەیە ساڵ دەسوڕێتەوە دینارێکی بۆ سەرف ناکرێت، هەیشە دەستڕۆیشتوە و لە ساڵێکدا سێ جار پارەی پێدەدرێت! 

لێرەدا من مەبەستمە پێشنیارێک بخەمە بەر دیدی بەرپرسانی حکوومەت، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە دادپەروەری بچەسپێ و هەر یانەیەک بە پێی ئاست و قەبارەکەی سوودمەند بێ، هاوشان لەگەڵ ئەو هەنگاوە، گرنگە ژمارەی یانەکانیش کەم بکرێتەوە، سەرەتا بوونی سندوقێکی دارایی بە ناوی پاڵپشتی وەرزش بە پێویست و گرنگ دەزانم، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە حکوومەت ساڵانە گوژمەیەک پارە بخاتە سندوقەکە و بەڕێوبەرایەتی وەرزش و لایەنە پێوەندیدارەکانیش بە پێی میکانیزمێکی زانستی، قەبارە و ئاستی رکابەری و پاڵەوانیه‌تییەکان، پۆلینکارییەک بکات و ساڵانە بەر لە دەستپێکی رکابەرییەکان بەسەر یانەکانی دابەش بکات، دەکرێ ئەو هەژمارە بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەکتیڤ بکرێ و ساڵانەش لەگەڵ باشتربوونی باری دارایی، پارەی زیاتری بخرێتە سەر، لێرەدا پێویستە لەتەک ئەو هەنگاوەدا فشارەکانیش بۆ تێپەڕاندنی یاسای لیژنەی ئۆڵمپی کە ساڵانێکی زۆرە لە پەرلەمان تۆزی لەسەر نیشتووە، تێپەڕێندرێت، بۆ ئەوەی یەکێتی و دامەزراوە وەرزشیەکانیش هاوشێوەی کایەکانی تر، چوارچێوەیەکی یاسایان هەبێ و ساڵانە بۆ خول و چالاکییەکانیان بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت، دواتریش دەکرێ بە ئەکتیڤکردنەوەی پڕۆژەی نەخشەڕێگه‌ی وەرزش، کە لە سەردەمی وەزارەتی وەرزش و لاوانی بەڕێز تەها بەرواری گەڵاڵە کرا، پلانێکی ورد بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی وەرزشیش دابنرێت، چونکە لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکەدا خاڵ و هەنگاوی زۆری گرنگی تێدا بوو، بەڵام بە داخەوە دوای نەمانی ئەو وەزارەتە، نەک پڕۆژەکە بۆ دامەزراوەکانی خوارتر شۆڕنەبووەوه‌، بگرە بوونیشی نەما! 

هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەنگاوانەش زۆر بە پێویستی دەزانم یاسایەکیش بۆ مافی خاوەنداریه‌تیی یانەکان دەربکرێ، لە ناویدا ئاسانکاری و ژینگەیەکی بێ کێشە بۆ سەرمایەداران و وەبەرهێنەران فەراهەم بکات، بێگومان ئەمە فاکتەرێکی کارای پێشڤەچوون و هەنگاوێکی پیشەگەرانەیە بە ئاراستەی رێگه‌یەکی دروست، کە بەهۆیەوە کایەکە دەچێتە قۆناغێکی زێڕین، بەم شێوەیەش یانەکان دەکەونە سەر پێی خۆیان و چیتر چاویان لە خێرو سەدەقەی حزبەکان و حکوومەت نابێ، رەنگە دەستپێکی هەنگاوەکە سست بێ، به‌ڵام دڵنیام بۆ داهاتوو دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە و هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە کوردستانیش بزنسمان و کەسانی پارەدار، دەبنە خاوەن پشک و یانە، ئەوسا لە ماوەی 5-6 ساڵی داهاتوو، رەنگدانەوە ئەرێنیەکە بەسەر ئاستی خول و پاڵەوانیەتییەکانمان دەبینین، بەم هۆیەشەوە وەرزش بە گشتی دەچێتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، لەگەڵ ئەوەشدا بارگرانییەکی زۆر لەسەر حکوومەت لادەچێت، لێ ئەم هەنگاوانەش کاتێک دێنە دی کە حزبەکان مشەخۆرەکانیان بکێشنەوە و هەژموون و دەستێوەردانەکانیان لەسەر یانەکان نەهێڵن، کە بەهۆیەوە ساڵانێکە کایەکەیان خستووه‌تە دۆخی چەقبەستبوون!



وشە - وشه‌