هەسەدە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەوەستێنێت

:: PM:09:36:23/11/2022 ‌

لە بەرانبەر هەڵوێستی لاوازی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا و هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە باكوری سووریا، هەسەدە رای گەیاند كە هاوئاهەنگییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش وەستاندووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رای گەیاند كە بەهۆی هێرشەكانی توركیا شەڕیان لە دژی داعش وەستاندووە، چونكە توركیا هاووڵاتییانی سڤیل دەكاتە ئامانج و دەیەوێ خاكمان داگیر بكات، بۆیە پێویستە هێزە پێوەندیدارەكان بە ئەركی خۆیان هەڵبستن.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ ئەلیكسەندەر لاڤرنتیڤ، دانوستانكاری رووسی رای گەیاند كە رووسیا داوای لە توركیا كردووە هێرشی زەوینی فرەوان لە سووریا ئەنجام نەدات، چونكە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی، هیوادارین ئەنقەرە رێگەی تر بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە پێڕەو بكات.

ئەو بەرپرسە رووسییە گوتی، چارەسەركردنی دۆزی كورد لە سووریا فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیرییە لە دۆخی ناوچەكە، بەڵام ئێستە كورد بارمتەی دەستی ئەمەریكان، ئەوەش بەربەست دەخاتە بەردەم هەر چارەسەرییەك، بۆیە ئەگەر بوونی ئەمەریكا لە سووریا نەبوایە، دەكرا بەخێرایی چارەسەری دۆزی كورد لە سووریا بكرێت.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمەریكا زانیاری بەدەست گەیشتووە بەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا لە باكوری سووریا مەترسیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا دروست كردووە، سنتكۆم، گوتەبێژی فەرماندەییەكە گوتی، زانیاریمان پێ گەیشتووە بە بوونی مەترسی لەسەر هێزەكانی ئەمەریكا كە لە سووریان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل