بۆ رێگرتن لە پێشێلكارییەكانی ئێران و توركیا عێراق چەند بڕیارێك دەردەكات

:: PM:11:35:23/11/2022 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاسایشی نیشتمانی لە عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە و سوپاسالاری پیشمەرگەی كوردستان كۆ بووەوە.

وەك لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتی، لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی بابەتی دەستدرێژی و پێشێلكارییەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر سنوورەكانی عێراق كرا، لەپاڵ بۆردمانی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی ترسانی هاووڵاتییان و زیانگەیاندن بەخۆیان و موڵكوماڵیان، بۆیە ئەنجوومەنەكە بۆ وەستانی ئەو پێشێلكارییانە، لەپاڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكان، ئەو بڕیارانەی دا:

1-دانانی پلانێك بۆ بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراقی بۆ گرتنەدەستی خاڵی سفری سنوورەكان، بە درێژایی سنوورەكان لەگەڵ ئێران و توركیا.
2-دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی پاڵپشتی لۆجیستی بۆ فەرماندەیی هێزەكانی سنوور و زیادكردنی توانای مرۆییان و دابینكردنی پارەی پێویست كەرەستەی سەربازی و هیتریش بۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.
3-بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە توانای مرۆییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ بەهێزكردنی بنكە تەناهییەكانی سنوورەكان.
4-هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یەك و دووی سەرەوە، ئەوەش بە مەبەستی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی سنوورەكانی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل