راپۆرتێك: سیاسەتی ئەمەریكا لە بەرانبەر ئێران گۆڕاوە

:: PM:09:27:24/11/2022 ‌

یەكێك لە جیاكەرەوەكانی سیاسەتەتی پارتی كۆماری یان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لەگەڵ پارتی دیموكرات یان جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستەی ئەو وڵاتە، ئەوەیە بایدن دەیەوێ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە مەرجی سووكتر و بەگفتوگۆ زیندوو بكاتەوە، راپۆرتێك ئاماژە بۆ گۆڕانی سیاسەتی ئێستەی ئەمەریكا دەكات.

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا دەڵێت، كۆشكی سپی سیاسەتی بەرانبەر بە ئێران گۆڕیوە، ئێستە چەندان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لەبارەی ئێران و پلانەكانی پەكخستنی هەوڵە ئەتۆمییەكانی و پاڵپشتیكردنی خۆپێشاندانەكان تەرخان دەكرێت، ئەوەش لە بری گفتوگۆكردن لەبارەی ستراتیجیەتی دانوستان بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، وەك بەرپرسانی ئەمەریكا گوتیان.

بەپێی راپۆرتەكە، بایدن چیتر هیوای بەوە نەماوە لەگەڵ ئێران بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی بگەن، ئەوەش دوای وەستانی گفتوگۆكان لە ئەیلوولی رابردوو و سەپاندنی چەندان سزا بەسەر تاران و پاڵپشتیكردنی ئاشكرای واشنتن بۆ خۆپێشاندانەكانی ئەو وڵاتە، جگە لەوە بەم دواییە ئێران بە پشكنەرانی نێودەوڵەتی راگەیاندووە كە دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 60% كردووە، كە رێژەیەكی نزیكە لەوەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.

هەروەها ئێستە ئێران سەرقاڵی سەركوتكارییە لە دژی خۆپێشاندەران و تا ئێستە دەیانیان كوژراون و سەتانیشیان گیراون، لەپاڵ پێدانی چەك لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا، وەك درۆن بۆ شەڕی ئۆكراینا و ئەگەری پێدانی مووشەك بالیستیش، هەروەها ئەم هەفتەیە ئەمەریكا ئێرانی بە پێشێلكردنی خاكی عێراق لە رێگەی كرنەئامانجی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار كرد. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل