"داڵدەدانی بكوژان كوشتن و تاوان زیاتر دەكات"

:: PM:04:59:25/11/2022 ‌

داڵدەدانی بكوژ و تاوانبار و هەڵاتووان لە دەستی یاسا، كاریگەری خراپی لەسەر كۆمەڵگە دەبێت، رێزنەگرتنە لە یاسا و دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەیە، كاتێك تاوانبار ئازادانە بسوڕێتەوە، مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەكات، پەرلەمانتار و چالاكان دووپاتی دەكەنەوە كە پێویستە یاسا و سزا هەبێت، لە هەموو ئاینەكانیش باس لە سزا كراوە بۆ ئەوانەی كە تاوانێكیان كردووە.

رۆبینە تەیاری، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، جێبەجێنەكردنی كاری دادگەكان و داڵدەدانی بكوژان لە رووی كارگێڕییەوە كاریگەری خراپی دەبێت، یاسا لە هەرێمی كوردستان سەرەوەرە و بەبێ جیاوازی بەسەر تاوانبار و داواكراوان جێبەجێ دەكرێت، یاسا جیاوازی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە ناكات، یاسا بۆ رێكخستنەوەی كۆمەڵگەیە و بۆ رێگەگرتنە لە ئاڵۆزی و بێسەروبەری لە رووی كۆمەڵایەتییەوە.

باسی لەوە كرد، كاتێك تاوانبار و بكوژان رادەستی یاسا نەكرێن، دیاردەی كوشتن و تاوان زۆر دەبێت و رێز لە مرۆڤ ناگیرێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر شیرازەی كۆمەڵگە دەبێت، بۆیە پێویستە یاسا و سزا هەبێت و لە هەموو ئاینەكانیش باس لە سزا كراوە بۆ ئەوانەی كە تاوانێكیان كردووە، دادگا و سزا بۆ ئەوەیە خەڵك بە ئاسودەی بژی و هیچ مەترسییەك لەسەر ژیانی خەڵك روونەدا، ئەگەر جیاوازی لە نێوان تاوانبار و بێتاوان نەبێت، كەواتە مەترسی گەورە لەسەر كۆمەڵگە هەیە.

لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چالاكی سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، حزبێك هەموو قسە و كردار و دروشمی ئەوەبێت باسی یاسا و یەكسانی و سەروەری دادگە بكات، بەڵام هەر خۆی داڵدەی بكوژ بدات و تاوانبار رادەست نەكا و بە ئاشكرا بكوژ بسوڕێتەوە، ئەمە كۆمەڵگە دەخاتە بەردەم مەترسییەكی گەورە و كاریگەری خراپیشی لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتی دەبێت، 

روونی كردەوە، كۆمەڵگە كاتێك كە ئارام و سەقامگیرە، لەبەر ئەوەیە كە دادگەكان كاری خۆیان دەكەن و ئەوانەی هەوڵی ناسەقامگیری دەدەن یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات، بەڵام كاتێك تاوانبار بە ئازادانە سوڕایە و لە ژێر سایەی كەسێك داڵدە درا، خەڵك لە مەترسیدا دەبن و ژیانیان پارێزراو نابێت.

پێوەست بەو بابەتەوە عەدنان كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك و گەرمیان بە "وشە"ی گوت، لە هەر وڵاتێك ئەگەر یاسا سەروەر نەبوو، رێگە نەدرا دادگە كاری خۆی بكا و خەڵك و لایەنەكانیش هاوكار نەبوون، بێسەروبەری دێتە ئاراوە و بەرەڵایی دروست دەبێت و خەڵك لە ماڵی خۆیدا پارێزراو نابێت.

"كەسانێك كە تاوانبارن و داڵدەدراون، دەبێت رادەستی یاسا بكرێن، یاسا سەروەرە و كاری خۆی دەكا و ئەوانەشی تاوانبارن سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن، یاسا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەمەش دەكەوێتە سەر دەسەڵاتی جێبەجێكاری، چونكە كە بەهۆی حزبەوە كەسانێك دڵدە درێن، ئەمە رێگەگرتنە لە كاری یاسا"، عەدنان كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك و گەرمیان وا دەڵێت.

دووپاتی كردەوە، ئەگەر یاسا سەروەر نەبوو و رێگری لە كاری یاسا كرا، ناتوانین هەنگاو بەرەو سەقامگیری بنێین و بەرەوپێش بڕۆین، كەیسی هاوكار جافیش یاسا یەكلای دەكاتەوە و دەبێت هەموو حزبەكان لەوە هاوكاربن، كە تاوانبار رادەست نەكرا رێز لە یاسا نەگیراوە، بۆیە دەبێت لەو حاڵەتە حكوومەت و دادگا هەنگاوی  خۆیان بنێن.



وشە - تایبه‌ت