ئەمشەو نمەباران و بارانی مامناوەند بەردەوام دەبێت

:: PM:10:22:25/11/2022 ‌

هەرێمی كوردستان و عێراق كەوتوونەتە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی باراناوی هاتوو لە هەردوو دەریای سپی ناوەڕاست و سوور، لە چەند رۆژی رابردوو كەشناسی پێشبینی بارانێكی ناوەند و بەخوڕی بۆ ئەمڕۆ و سبەی شەموو كرد، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێم رێژەی باران و كەشوهەوای ئەمشەوی راگەیاند.

وەك لە بڵاوكراوەیەكی وەزارەتەكەدا هاتووە، پێشبینی دەكرێ ئەمشەو بارانبارین بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند بەشێوە پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت، هەندێكجار ئاستی بارانبارین دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە و هەورە تریشقە، لە هەولێر و دەوروبەری تا سنووری ئاكرێ و بەشێك لە ناوچەكانی ئێدارەی راپەڕین و گەرمیان، بەڵام ناوچەكانی تر بارانی ئاسایی لێ دەبارێت.

لە كاتێكی زووی ئەمڕۆش وەزارەتەكە رای گەیاندبوو كە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم بارانی مامناوەند و بەلێزمە دەبارێت، تا سەعات 9ی ئەمشەو پێشبینی دەكرێت بارانی بەلێزمە لە سنووری شاری هەولێر و دەوربەری و سلێمانی ئیدارەی راپەرین و هەندێك ناوچەكانی ئیدارەی گەرمیان و ناوچە شاخاوییەكانی دهۆك بەردەوامی هەبێت، ئاستی ئاویش لە ناوچە نزمەكان بەرز دەبێتەوە.

هەر بەهۆی ئەگەری بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم رای گە‌یاند كە دەسەڵاتیان بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەكان، پارێزگاران و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان داوە لە ئەگەری هەر حاڵەتێكی سروشتی، دەسەڵاتی راگرتنی دەوامیان لە ناوەندەكانی خوێندن هەیە.

ئەمشەویش ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە میدیاكانی راگەیاند كە بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشوهەوا ئەم شەپۆلەی بارانبارینە تا نزیكەی 24 سەعاتی تر بەردەوام دەبێت، بۆیە سەرجەم هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە، كە تیمەكان لە ئامادەسازی تەواودان بۆ بەهاناچوونیان لە هەر ئەگەرێكی نەخوزراودا، پێویستیشە هاووڵاتییان لەپێناو سەلامەتی گیانیان لەگەڵ تیمەكان هاوئاهەنگ بن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل