هاتوچۆی هەرێم: هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێ سەرەتا تۆمار ناكرێت

:: PM:09:07:02/01/2023 ‌

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی كە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان تۆمار دەكرێن و بە یاسایی دەكرێن، كە لە ساڵی رابردوو بەشێكی سەرژمێریان بۆ كرا، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم لەسەر ئەو بابەتە روونكردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ دووشەم لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، تۆماركردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان تەنیا دەنگۆیە و هیچ بریارێكی لەو جۆرە بۆ تۆماركردنیان نییە، بۆیە ئەوەی لەوبارەوە دەگوترێ دوورە لە راستییەوە و تۆمار ناكرێن.
تەنیا دەنگۆیە و هیچ بریارێكی لەو جۆرە بۆ تۆماركردنیان نییە
روونی كردەوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەرێم، سەرژمێری بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان راگەیەندرا و ماوەكەی دیاریكراو بوو، دوای تەواوبوونی ماوەكە، ئێستە هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێ سەرەتا سەرژمێری ناكرێت، هەر ئەوانە سەرژمێری كران كە بەدەم بانگەوازەكەوە رۆیشتن.

شایەنی باسە ئەو سەر ژمێرییەی وەزارەتی ناوخۆ لە هەموو پارێزگاكان كاری لەسەر كرا و نزیكەی 20  هەزار ئۆتۆمبێل سەرژمێری كران، بەڵام ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە، چونكە خەڵكێكی زۆر بەدەم بانگەوازەكە بۆ سەرژمێریكردن نەڕۆیشتن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل