چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو حكوومه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بڕیار له‌سه‌ر پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2023 بدات و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكات، كه بودجه‌ی ئه‌مساڵیش به یه‌كێك له زه‌به‌لاحترین بودجه‌كانی عێراق داده‌نرێ و بڕه‌كه‌ی ده‌گاته 200 تریلیۆن دیناری عێراقی كه ده‌كاته 140 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه نیوه‌ی ئه‌و بودجه زه‌به‌لاحه بۆ مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی له عێراق ده‌ڕوات، كه مژاره‌ی 9.5 ملیۆن كارمه‌نده، به‌گوێره‌ی ڕاپرسی و توێژینه‌وه‌كانیش هه‌ر كارمه‌ندێكی كه‌رتی گشتی له عێراق ڕۆژانه 20 خوله‌ك به ڕژدی كار و ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات.
ڕۆژنامه‌ی "
العرب"ی له‌نده‌نی له‌وباره‌وه ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی، زۆری ڕێژه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی له عێراق جێی سه‌رسڕمانه، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ی به وڵاتانی تری دنیا، بۆ نموونه له ئه‌لمانیا بۆ هه‌ر 150 كه‌سێك كارمه‌ندێك له كه‌رتی گشتی دامه‌زرێنراوه، به‌ڵام له عێراق بۆ هه‌ر 10 كه‌س كارمه‌ندێك مووچه وه‌رده‌گرێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش كاره‌كان ڕایی ناكرێن و ڕۆتین و به‌رتیل و ده‌یان پێچ و په‌نای تر هه‌یه كه وا ده‌كات كارمه‌ندان كار نه‌كه‌ن و مووچه‌یه‌كی باش و زه‌به‌لاحیش وه‌ربگرن.
حاكم زاملی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه به گوێره‌ی خه‌ملاندنه‌كان ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مووچه له حكوومه‌ت وه‌رده‌گرین ده‌گاته سه‌رووی 11 ملیۆن كه‌سه‌وه، ئه‌مه‌یش له كۆی نزیكه‌ی 40 ملیۆن كه‌س كه ژماره‌ی دانیشتووانی عێراقه. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مساڵ ژماره‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتیش ڕوو له زیادبوونی زیاتر بكات، كه ئه‌مه‌یش پێویستی به 20 تریلیۆن و 540 ملیۆن دیناری زیاتره به به‌راورد به‌و ڕێژه‌یه‌ی ساڵانی پێشوو له بودجه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی ته‌رخانكراوه، به‌مشێوه‌یه‌ش ئه‌مساڵ پێویسته نزیكه‌ی 65 تریلیۆن دینار له كۆی 200 تریلیۆن دینار بۆ مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی یان حكوومی له عێراق خه‌رج بكرێن. ئه‌مه‌یش ده‌كاته ڕێژه‌ی 70%ی بودجه‌ی به‌كارخستن له وڵات، ئه‌مه جیا له مووچه‌ی خانه‌نشینیان كه ژماره‌یان بریتییه له 2.5 ملیۆن كه‌س و مووچه‌ی خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان كه ژماره‌یان ده‌گاته 1.2 ملیۆن هاووڵاتی.
ناكۆكییه‌كان له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵیش له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه به‌ره‌و بنبه‌ست هه‌نگاو ده‌نێت، له ئه‌نجامی دیداری شاندی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق و چه‌ندان گه‌ڕی گفتوگۆكردن، دواجار گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن و پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه به 14% خه‌ملێنراوه و جێگیركراوه، ئه‌مه‌یش له پرۆژه یاساكه جێگیر ده‌كرێت، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یشدا هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندكراوه به ڕه‌وانه‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی ناوخۆی و نه‌وت و سه‌رجه‌م داهاته‌كانی تر بۆ به‌غدا.
چیای ته‌یموور په‌رله‌مانتاری پارتی له به‌غدا له‌وباره‌وه دووپاتی كرده‌وه، كه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واوبوون و هیچ ناكۆكی و گرفتێك نه‌ماوه، تا پێویستی به گه‌ڕی تری گفتوگۆ و دانوستاندن بێت، به‌ڵكو ماوه‌ته‌وه كه ڕێككه‌وتنه‌كه له نێو پرۆژه یاساكه ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێ و له په‌رله‌مانیش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می بۆ ده‌كرێ و ده‌رده‌چووێنرێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یش پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2023 ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی توند بووه‌ته‌وه و شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه دۆخه‌كه به‌م چه‌شنه بڕوات له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو، ده‌بێ ته‌واوی بودجه‌ی وڵات بۆ مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی خه‌رج بكرێ، چونكه ساڵانه نزیكه‌ی 300 هه‌زار ده‌رچوونی زانكۆ دێنه نێو بازاڕی كاری عێراقه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مترین گرنگی به كه‌رتی تایبه‌تیش ده‌درێ، هه‌مووان چاویان له‌وه‌یه له كه‌رتی گشتی دابمه‌زرێنرێن، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه به‌رده‌وام دۆخی كه‌رتی گشتی قورس‌تر بێ و زۆرترین بڕی بودجه‌ی وڵاتیش له‌بری ئاوه‌دانكردنه‌وه و پرۆژه‌ی گرنگ و ستراتیجی بۆ مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی حكوومی ته‌رخان بكرێت.
جیا له‌وه‌یش، ساڵانه 500 هه‌زار كه‌سی بێ بڕوانامه و كارنه‌زان به دوای هه‌لی كار له بازاڕی كاردا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام كۆی بازاڕی كار له عێراق، توانای وه‌رگرتنی 150 هه‌زار كه‌سی له ساڵێكدا هه‌یه، واته 150 هه‌زار ده‌رفه‌تی كار ده‌توانرێ بڕه‌خسێنرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له ساڵێكدا به دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن، ژماره‌یان ده‌گاته 800 هه‌زار كه‌س، دامه‌زراندن یان ده‌سكه‌وتنی كار له‌لایه‌ن ته‌نیا 150 هه‌زار كه‌سه‌وه، وا ده‌كات كه ڕێژه‌ی بێكاری به‌رده‌وام ڕوو له به‌رزبوونه‌وه بكات و كێشه‌ی ئابووری گه‌وره به دوای خۆیدا بهێنێت و عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌م چه‌شنه ناتوانێ كۆتایی به ته‌نگژه‌ی ئابووری بهێنێت.