كەشوهەوایەكی هەور و باران دەست پێ دەكات

:: PM:11:21:27/04/2023 ‌

وەك كەشناسان پێشبینی دەكەن، لە دوای نیوەڕۆی سبەی هەینییەوە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان و عێراق روو لە دروستبوونی هەور و باران و سەرما دەكات، ئەوەش بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەكی سارد لە دەریای ناوەڕاستەوە.

شاڵاو هیدایەت، كەشناس دەڵێت، بەهۆی كاریگەریی ناوچەیەكی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بڕێك شێی دەریای رەش و تۆپەڵە هەوایەكی شێداری لاوازیی كەمەرەیی، پێشبینی دەكرێت سبەی هەینی لە هەندێك ناوچەكانی باكور و شاخاوی بڕێك بارانی كەم ببارێت بەشێوەی تاوە.
 
هاوكات لە رۆژانی شەموو و یەكشەم كاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییە فراوانتر و زیاتر دەبێت و ئەگەری تاوە باران و برووسك دەبێت، بەهۆی دابەزینی بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەریشەوە پلەكانی گەرما لە سەرەتای هەفتەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك لە سەرجەم ناوچەكان دادەبەزێت، شەموو یەك تا دوو پلە و بۆ رۆژانی دواتر پێنج تا شەش پلە.

هاوكات لە كاتی تاوەكاندا ئەگەری زیادبوونی خێرایی با هەیە، زۆرترین كاریگەری ئەم ناسەقامگیرییەش لەسەر ناوچەكانی باكور و باكوری خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی هەرێم دەبێت، بۆ رۆژانی دواتریش ئەگەری دروستبوونی هەور هەیە. 

لای خۆیەوە هەلگورد زرار، شارەزای كەشناسی ئاماژەی كرد، سبەی هەینی ئاسمان ساماڵ و نیوچە هەور دەبێت، لە ناوچەكانی پارێزگەی دهۆك و شاخاوییەكانی لە دوای نیوەڕۆوە ئەگەری بارانێكی كەم هەیە، پلەكانی گەرماش پلەیەك بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە و خێرایی با بە رێژەی 15 بۆ 20 كیلۆمەتر چالاك دەبێت. 

دوێنێ ریاز قورەیشی، كەشناس رای گەیاند، لە هەینی داهاتووەوە بارستە هەوایەكی سارد لە زاخۆوە روو لە ناوچەكانی باشووری عێراق دەكات و تەواوی ناوچەكە دەگرێتەوە، كە تا رۆژی چوارشەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەك پلەكانی گەرما دادەبەزێت.

روونی كردەوە، لە ئێوارەی رۆژی هەینی داهاتووەوە عێراق دەكەوێتە ژێر كاریگەری بارستە هەوایەكی سارد، كاریگەرییەكەی لە زاخۆوە دەست پێ دەكات و بەرەو ناوچەكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی و نەینەوا و دوای ئەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق درێژ دەبێتەوە.  

دووپاتی كردەوە، كاریگەریی ئەو بارستە هەوا ساردە تا ئێوارەی رۆژی چوارشەم بەردەوام دەبێت، پلەكانی گەرما لەو ناوچانە دادەبەزێت، لە شارەكانی باشوور پێنج پلە دادەبەزێت، لە زاخۆش نزمترین پلە دەگاتە 15 پلەی سەتی، ئەو بارستە هەوایە لە شارەكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی بارانی سووك و ناوەندی لەگەڵ دەبێت، بەڵام لە دهۆك بارانەكە توندترە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل