دۆخی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە

:: AM:11:20:07/06/2023 ‌
لەگەڵ كۆتاهاتنی قۆناغی یەكەمی چاكردنەوە و نوێكردنەوەی ئامێرەكانی كۆمپانیای داناگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەڕایەوە ناو تۆڕی نیشتمانی، هەفتەی داهاتووش قۆناغەكەی تر تەواو دەبێت.

ماوەی چوار رۆژە دۆخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان "زۆر خراپە"، وەزارەتی كارەبا هۆكارەكەی بۆ چاككردنەوە و نوێكردنەوەی ئامێرەكانی كێڵگەی كۆرمۆر گەڕاندەوە كە كۆمپانیای داناگاز دەستی پێ‌ كردووە. گوتەبێژی وەزارەكە رای دەگەیەنێت كە "ئەمڕۆ قۆناغێكی تەواو بووە و هەفتەی داهاتوو قۆناغەكەی تریش كۆتایی دێ‌".

دۆخی كارەبا بە تەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە، بڕی بەرهەمهێنان لەوكاتەدا دەگاتە چوار هەزار و 200 مێگاوات.
ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی ئایار، ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بە"وشە"ـی راگەیاند، بە كۆتاهاتنی قۆناغی یەكەمی پرۆسەی چاكسازیی كۆمپانیای داناگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەڕایەوە ناو تۆڕی نیشتمانی.

زیاتر گوتی، بڕیارە قۆناغی دووەمی پرۆسەكە تا ڕۆژی 16ی ئەم مانگە تەواو ببێت و ئیتر دۆخی كارەبا بە تەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە، بڕی بەرهەمهێنان لەوكاتەدا دەگاتە چوار هەزار و 200 مێگاوات. 

كۆمپانیای داناگاز لە رۆژی 22ی ئایاری رابردوودا دەستی بە چاككردنەوەی و نوێكردنەوەی ئامێرەكانی تۆڕی غاز و واستنەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا كرد و ساڵانە ئەم رێوشوێنە دەگرنە بەر، بە هۆیەوە ئەو وێستگانەی كارەبا لە غاز بەرهەم دێنن، لە كار دەخەن و سەعاتەكانی كارەبا زۆر كەم دەبنەوە.

لە هەرێمی كوردستان زۆرینەی كارەبای بەرهەمهاتوو لە وێستگەكانی غازەوە دەگەنە تۆڕی نیشتمانی، بڕێكی كەمیش لە وێستگەی كارۆئاوی دوكان و دەربەندیخان بەرهەم دێت، بەڵام چاوی لەوەیە لە داهاتوودا سوود لە وزەی خۆر ببینێت.


وشە - رامیار جەواد