لەبارەی كەشوهەوای سێ رۆژی داهاتوو وریایی دەدرێت

:: PM:09:45:13/11/2023 ‌

كەشناسێكی عێراق وریایی لەبارەی كەشوهەوای عێراق لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوو دەدات، باسی ئەوە دەكات كە ئەگەر هەیە لە چەند سەعاتی داهاتوو هەوری سوپەر سێڵ ئاسمانی عێراق بگرێتەوە.

سادق عەتییە، كەشناس لە پۆستێك لە سۆشیال میدیا روونی كردەوە، لە سبەی سێشەمەوە كەشوهەوایەكی باراناوی دەست پێ دەكات، كاتێك لە بەیانییەكەی باران و هەورەبرووسكە لە رۆژئاوای پارێزگەی ئەنبارەوە دەست پێ دەكا و لە ئێوارەكەی بەرەو باكور بۆ پارێزگەكانی نەینەوا و دهۆك هەڵدەكشێت.

روونی كردەوە، ئێوارەی سێشەم و شەوەكەی شەپۆلی باران بە هێواشی روو لە شارەكانی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان دەكات و هەورەكە چڕتر دەبێت و هەورەبرووسكە زیاد دەكات، لە بەرەبەیانی چوارشەمەوە لە باشووری عێراق دەبێتە باران و زیاترین رێژەی دابارین لە عێراق لە نێوان بەغدا و ئەنبار و سەڵاحەدین دەبێت و لە چەند پارێزگەیەكی باشووریش، بەڵام رێژەی دابارین لە شارەكانی هەرێم و نەینەوا كەمترین دەبێت.  

لەسەر بنەمای ئەوەی باس كرا ئەو كەشناسە وریایی لە هەورەبرووسكە و بارانی بەخووڕ و رەشەبا و تەرزە لە هەندێك شوێن دەدات، جیا لە دروستبوونی هەوری سووپەر سێڵ و دروستبوونی لافاو لە رۆژهەڵاتی عێراق لە رۆژی پێنجشەمی داهاتوو.

بەپێی قسەكانی عەتییە، ئەو كەشوهەوا باراناوییە سبەی سێشەم دەست پێ دەكا و تا پێنجشەم بەردەوام دەبێت، سەرچاوەكەی نزمەپەستانێكی دەریای سوورە، كەمترین رێژەی دابارین لە هەرێمی كوردستان و نەینەوایە، گەورەترین كاریگەریشی لە رۆژئاوا وە ناوەڕاست و باشووری عێراقە، بارانە زۆرەكەش لە ئێوارەی چوارشەم تا شەوی پێنجشەم دەبێت، واتە زیاترین كاریكەری ئێوارەی چوارشەم و سبەینەی پێنجشەمە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل