بەهۆی نەدانی پارە بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان رێگریی لە قوتابیان دەكەن بچنە ناو وانەكانەوە

:: AM:09:35:26/11/2023 ‌
بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان لەگەڵ ئەوەی خۆیان ئەركی سەرشانیان لە بەرانبەر ئەو پارەیەی لە قوتابیانی وەردەگرن جێبەجێ ناكەن، بەڵام فشارێكی زۆر دەخەنە سەر قوتابی تا لە كاتی خۆیدا پارەی خوێندنەكەی بدات. قوتابیانیش دەڵێن ئێمە باوك و دایكمان مووچەخۆرن، پێویستە چاوەڕێ بكەن تا مووچە وەردەگرن.

سامی هادی قوتابیی یەك لە پەیمانگەكانی هەولێرە و بە"وشە"ی راگەیاند، زۆربەی پەیمانگەكان لە دەستپێكی خوێندنەوە كەمتەرخەمی دەست پێ دەكات تا مانگی 12، هیچ وانەیەك ناخوێنرێ، پاشان لە مانگی 12 دەست دەكەن بە پەلەكردن تا میتۆد تەواو بكرێ.

"بڕیارە زۆربەی زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان ئەوانەی بەشی پزیشكین، لەگەڵ دەستپێكردنی خوێندندا رێككەوتن لەگەڵ نەخۆشخانەیەك بكەن تا قوتابیانی ئەو بەشە پزیشكییانە بچنە نەخۆشخانەكان و بە كردەیی كاری پزیشكی بكەن، بەڵام زۆربەی پەیمانگە و زانكۆ پزیشكییەكان، تا ئێستە نەیانتوانیوە ئەو رێككەوتنە لەگەڵ نەخۆشخانەكان بكەن، بۆیە تا ئێستە كە نزیكین لە كۆتایی وەرزی یەكەم، هیچ قوتابییەكی پزیشكی وانەی كردەیی لە نەخۆشخانەكان نەخوێندووە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە، چونكە بەشە پزیشكییەكان دەبێت لە نەخۆشخانەكان فێربن". سامی وای گوت.

دییە بەكر لەمبارەوە بۆ "وشە" دوا و راِی گەیاند، پەیمانگە هەیە هیچ وانەیەكی كردەیی نەخوێندووە، وانە تیۆرییەكانیش بەكەمی دەخوێنن، بەڵام یەك رۆژ لەسەر قوتابی ناوەستن و دەبێ پارەكە بدات، یان رێ نادەن بەو قوتابیانەی پارەكەیان دوا دەكەوێ بچنە ناو وانەكانەوە، ئەوە لە كاتێكدایە زۆربەی قوتابیان باوك و دایكیان مووچەخۆرن و مووچەكەیان دوا دەكەوێت، بۆیە دەبوو زانكۆ و پەیمانگەكان رێز لەو دۆخە بگرن و فشار نەكەن.

"وشە" پێوەندیی بە گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوو، سەرچاوەیەك لە وەزارەت كە نەیویست ناوی خۆی  ئاشكرا بكات، بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەت بەدواداچوونی كردووە، بەڵام كێشە ئەوەیە هیچ پەیمانگە و زانكۆیەكی ئەهلی رێز لە بڕیار و راسپاردە و تێبینییەكانی وەزارەت ناگرن.  



وشە - سۆران عەزیز