له كاته‌كانی به‌ربه‌یان و دره‌نگانی شه‌ودا، پیاسه به شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێردا بكه‌یت، ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌گ ده‌كه‌ونه به‌رچاوت، هه‌ندێكیان به تاك، هه‌ندێكی تریان به كۆمه‌ڵ و به یه‌كه‌وه ده‌بینرێن، به‌شێكى هاووڵاتییان دیارده‌كه به مه‌ترسی ده‌زانن. به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی چوار ده‌ڵێت هه‌وڵی قه‌ڵاچۆكردنیان ده‌ده‌ن. پسپۆڕێكی ئاژه‌ڵ پێی وایه له‌ناوبردنی یه‌كجاریی ئه‌و سه‌گانه، به هه‌مانشێوه‌ی زۆربوونیان به رێژه‌ی زیاتر له ئاستی خۆی، بۆ هاوسه‌نگیی بایۆلۆجی مه‌ترسیداره.
ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌گیان تێدا بڵاوه، زیاتر ئه‌وانه‌ن كه شوێنی فڕێدانی زبڵ یان چێشتخانه‌یان لێوه نزیكه، چونكه سه‌گه‌كان له‌سه‌ر پاشماوه‌ی گۆشت و ئێسكی چێشتخانه ده‌ژین، ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی سه‌گی زۆریان لێیه چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تریشیان هه‌یه، له‌وانه كه‌میی ژماره‌ی پشیله و زۆریی ژماره‌ی مشك كه ئه‌مه‌یان پێوه‌سته به بابه‌تی هاوسه‌نگیی سروشته‌وه، چونكه پشیله نا‌وێرن توخنی ناوچه و گه‌ڕه‌كه پڕ سه‌گه‌كان بكه‌ون، دووركه‌وتنه‌وه‌ی پشیله‌یش په‌یدابوونی مشك و جورجی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
محه‌مه‌د ستار له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر به پایسكیله‌كه‌یه‌وه به‌یانیان سه‌موون ده‌فرۆشێت، بۆ "وشه" ده‌ڵێ "به‌یانیان هێشتا دنیا چۆڵه و خۆر به ته‌واوی هه‌ڵنه‌هاتووه، به تایبه‌ت له رۆژه سارده‌كانی زستان، ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌گ له شه‌قام و كۆڵانه‌كانن، هه‌ندێك جار مایه‌ی مه‌ترسین، بۆیه زۆرجار بۆ دوورخستنه‌وه‌یان ناچارم له‌ته سه‌موونیان بۆ هه‌ڵده‌م تا دوام نه‌كه‌ون".
چیرۆكی پیاوێك كه له ساڵانی سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 90ی سه‌ده‌ی رابردوو، له به‌یانییه‌كی زوودا له هه‌ولێر، له‌لایه‌ن ره‌وه‌سه‌گێكه‌وه هێرشی كراوه‌ته سه‌ر و خنكێنراوه، دواتریش په‌لاماردانی سێ منداڵ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك سه‌گ له ساڵی 2012 و له گه‌ڕه‌كی 94ی هه‌ولێر و گیان له ده‌ستدانی هه‌رسێ منداڵه‌كه، هه‌موو به‌یانییه‌ك له بیری محه‌مه‌ددان، به تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی پیاوه خنكاوه‌كه، هه‌مان پیشه‌ی ئه‌وی هه‌بوو.
كاروان جه‌بار به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی چوار له هه‌ولێر، به"وشه"ی راگه‌یاند كه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه پێوه‌ندی به شاره‌وانییه‌وه ده‌كرێت و داوای قه‌ڵاچۆكردنی ئه‌و سه‌گانه ده‌كرێت، چونكه مه‌ترسی په‌لاماردانی خه‌ڵك و بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشییان لێ ده‌كرێت.
ئه‌و ده‌ڵێ "ته‌نیا له گه‌ڕه‌كه‌كانی سنووری شاره‌وانی چوار، مانگانه نزیكه‌ی 10 تا 20 سه‌گ له‌لایه‌ن تیمه تایبه‌ته‌كان به هاوئاهه‌نگی پۆلیسی شاره‌وانی ده‌كوژرێن و دواتر لاشه‌كانیان هه‌ڵده‌گیرێنه‌وه و له ناوچه‌ی كانی قڕژاڵه ژێرخاك ده‌خرێن، به‌ڵام كوشتنی سه‌گ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام نییه، به‌ڵكو ماوه ماوه له‌سه‌ر داوای هاووڵاتییان هه‌ڵمه‌تێك ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ش له وه‌رزی به‌هاردا زیاتر به‌ڕێوه ده‌برێن".
به‌ڵام محه‌مه‌د جه‌بار ئه‌وه ناشارێته‌وه كه تا ئێسته‌ش هیچ یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌ته و چۆنیه‌تیی قه‌ڵاچۆكردنی سه‌گی به‌ڕه‌ڵا نییه. بۆیه به‌گوته‌ی خۆی "شاره‌وانی به ناچاری و به‌هۆی داوای هاووڵاتییانه‌وه ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه به‌ڕێوه ده‌بات".
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی چوار ئاماژه‌ی به‌وه دا، شاره‌وانی به ته‌نیا بابه‌ته‌كه‌ی پێ چاره‌سه‌ر ناكرێت و پێویسته له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ڤێتێرنه‌ری و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه، هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌گه‌كان بدرێت له شوێنێكی تایبه‌تدا، به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان و دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی هه‌ڵگری نه‌خۆشیی گوازراوه نین، دوای ئه‌وه‌ش په‌ناگه و خانه‌یه‌كی تایبه‌تیان له نزیك زبڵخانه‌كان بۆ دروست بكرێت و له رێگه‌ی ستافێكه‌وه چاودێری بكرێن، چونكه هه‌ڵمه‌ته‌كانی كوشتن به ته‌واوی كۆتایان پێ ناهێنێت، ئه‌گه‌ر له شوێنێكیشه‌وه بگوازرێنه‌وه بۆ شوێنێكی تر هه‌ر نابێته چاره‌سه‌ر، چونكه له‌و شوێنه‌شدا دووباره ده‌بنه‌وه مه‌ترسی.
هه‌ولێر جیا له سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی، به‌هۆی دابه‌شبوونی جیۆگرافی ناوچه‌كانی به‌سه‌ر شه‌ش شاره‌وانیدا دابه‌ش كراوه.
دكتۆر یوسف محه‌مه‌د ساڵح پسپۆڕی بواری به‌خێوكردن و چاككردنی ئاژه‌ڵ، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه له ناوچه سروشتییه‌كانی كوردستان به‌هۆی جه‌نگ و كاولكارییه‌كانی ساڵانی رابردوو، ژماره‌یه‌كی زۆری ئاژه‌ڵ هاوشێوه‌ی رووه‌كه سروشتی و خۆڕسكه‌كان له‌ناو چوون، ئه‌مه‌ش وای كردووه هه‌ست به جۆرێك له لاسه‌نگی بكرێت له هاوسه‌نگیی بایۆلۆجیدا.
"بۆیه ئه‌گه‌ر به‌هۆی ناچاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زیان و مه‌ترسییه‌كان، هه‌وڵی له‌ناوبردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌گی به‌ڕه‌ڵای گه‌ڕه‌كه‌كان بدرێت، پێویسته ئه‌وه‌ش بێته ره‌چاوكردن كه كه‌مكردنه‌وه‌كه نه‌بێته هۆی له‌ناوچوونی یه‌كجاریی سه‌گه‌كان" پسپۆڕه‌كه وای گوت.
ئه‌و دووپاتیشی ده‌كاته‌وه كه هه‌ندێك جۆری سه‌گ نه‌ك هه‌ر نابێ له‌ناو ببرێن، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌وڵی پاراستنیان بدرێت، چونكه جۆری ده‌گمه‌نن و ته‌نیا له ژینگه و سروشتی كوردستان هه‌ن.
دكتۆر یوسف نموونه به "سه‌گی پشده‌ر"ی دێنێته‌وه كه له بواری پاسه‌وانیی مه‌ڕوماڵات به‌كار ده‌هێنرێن و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازی هه‌یه و پێویسته توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی كارێكی ئاسایییه، چونكه بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌گ به رێژه‌یه‌كی زیاد له ئاستی خۆی، جگه له مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و په‌لاماردانی بۆ سه‌ر خه‌ڵك، كێشه بۆ هاوسه‌نگیی بایۆلۆجییش دروست ده‌كات، كه‌مكردنه‌وه‌شیان پڕۆسه‌یه‌كی ئاسایییه و له هه‌موو دنیادا هه‌یه، بۆ نموونه له ئوسترالیا هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زیادبوونی ژماره‌ی كه‌روێشك ده‌درێت، چونكه به رێژه‌یه‌كی زیاد له ئاستی خۆی زیادی كردووه و بووه‌ته هۆی تێكدانی دار و دره‌خت.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی بواری ئاژه‌ڵ به پێویستی ده‌زانێت له كوردستان بانكێكی تایبه‌ت به هه‌ڵگرتن و پاراستنی جینی رووه‌ك و ئاژه‌ڵ دابمه‌زرێ، چونكه نه‌بوونی " Gene bank" به گوته‌ی ئه‌و "ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی مۆرك و تایبه‌تمه‌ندییه سروشتییه‌كانی ناوچه‌كه، بۆ نموونه ئێسته به‌هۆی هێنانی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌رای ماسیی بازرگانی، ماسییه ره‌سه‌نه‌كانی ده‌ریاچه‌كانی دووكان و ده‌ربه‌ندیخان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بوونه‌ته‌وه، هێنانی تۆوی هه‌ندێك رووه‌كی بیانی و به‌رهه‌مهێنانیان له كوردستان، بووه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی رووه‌كی خۆماڵی، دواجار له‌ناوبردنی سه‌گیش ره‌نگه هه‌مان ئه‌نجامی لێ بكه‌وێته‌وه و له‌ناوچوونی سه‌گه‌كان هاوشێوه‌ی زۆربوونیان به رێژه‌یه‌كی زیاد له ئاستی خۆی، زیانی هه‌یه."
"تا ئێسته له هه‌رێمی كوردستاندا دامه‌زراوه‌ی " Gene bank" نییه، به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاژه‌ڵ و رووه‌ك له له‌ناوچوون، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت ژماره‌یه‌ك له تیمه بیانییه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی، هاتوون و جینی ئاژه‌ڵ و رووه‌كه‌كانیان بۆ وڵاتانی خۆیان بردووه‌ته‌وه، به مه‌به‌ستی پاراستن و لێتوێژینه‌وه‌یان، به تایبه‌ت تیمه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان". دكتۆر یوسف محه‌مه‌د ساڵح وای گوت.