پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئێران كه هه‌فته‌ی رابردوو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئیبراهیم ره‌ئیسی راده‌ستی په‌رله‌مان كرا، به ناڕوونترین و ئاڵۆزترین پڕۆژه‌یاسای بودجه له‌وه‌ته‌ی 120 ساڵی رابردووی ئه‌و وڵاته هه‌ژمار ده‌كرێت. خه‌رجییه‌كان له داهات زۆر زیاتره و پێشبینی كراوه قه‌باره‌ی كورتهێنانی بودجه له‌و وڵاته بگاته 450 تریلیۆن تمه‌ن. داهاتی باج 50%ی تر زیاد كراوه و هیچ ئاسۆیه‌كی روون بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و باشتركردنی بژێویی خه‌ڵك له‌و بودجه‌یه‌دا به‌دی ناكرێت.
به‌پێی ره‌شنووسی بودجه‌ی گشتیی ساڵی داهاتووی ئێران، قه‌باره‌ی بودجه ده‌گاته شه‌ش هه‌زار و 478 تریلیۆن تمه‌ن و به‌راورد به بودجه‌ی ئه‌مساڵی ئێران، 29.7% زیادی كردووه. هه‌ر به‌پێی پڕۆژه‌كه حكوومه‌ت ده‌بێت رۆژانه ملیۆنێك و 350 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكات، هه‌ر به‌رمیلێكیشی به 65 یۆرۆ خه‌مڵاندووه. هه‌ر له پڕۆژه‌كه‌دا نرخی هه‌ر یۆرۆیه‌كی به 31 هه‌زار تمه‌ن ده‌ستنیشان كردووه.
داهاتی نه‌وت و گاز له ساڵی داهاتوودا دەگاته سه‌رووی 582 تریلیۆن تمه‌ن
ئه‌وه‌ش خه‌مڵێنراوه كه داهاتی نه‌وت و گاز له ساڵی داهاتوودا بگاته سه‌رووی 582 تریلیۆن تمه‌ن و ئه‌و داهاته‌ش به‌راورد به ساڵی رابردوو 3.5% دابه‌زیوه. له‌گه‌ڵ ئه‌م داهاته نزیكه‌ی 137 تریلیۆن تمه‌نیش له چوارچێوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت و گاز و حه‌واڵه‌كردنی نه‌وت بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی به‌رگریی ئێران ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.
باج سه‌ره‌كیترین داهات
له بودجه‌ی ئه‌مساڵدا حكوومه‌ت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بودجه، باجی زیاد كردبوو و گوشارێكی زۆری خستبووه سه‌ر خه‌ڵك و بۆ ساڵی داهاتوو ئه‌و گوشاره زیاتر په‌ره‌ی پێ درا و قه‌باره‌ی داهاتی باج به‌رز كراوه‌ته‌وه. به‌پێی پڕۆژه‌كه داهاتی باج بریتییه له هه‌زار و 122 تریلیۆن تمه‌ن، له كاتێكدا داهاته‌كه له‌مساڵدا 748 تریلیۆن تمه‌ن بوو.
داهاتی باج 40.2%ی پشت به باجی سه‌ر كۆمپانیاكان و دامه‌زراوه‌كان، 13.5% پشت به باجی داهات، 4.4% پشت به باجی سامان و 41.9% پشت به باجی سه‌ر كاڵا و شتومه‌ك و خزمه‌تگوارییه‌كان ده‌به‌ستێت، به‌گشتی داهاتی حكوومه‌تی له باج به‌راورد به ئه‌مساڵ، نزیكه‌ی 50% زیاد كراوه.
ئاڵۆزترین بودجه له‌وه‌ته‌ی روودانی شۆڕشی ده‌ستووری له كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی قاجارییه‌كان
ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ژووری بازرگانیی ئێران، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئێرانی به بودجه‌یه‌كی لێڵ و ئاڵۆز هه‌ژمار كردووه و گوتوویه‌تی، ناتوانێ به‌هۆیه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ كاریگه‌رییه‌كانی و ده‌رهاویشته‌كانی بكات، له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئابووری و پلانی حه‌وته‌می گه‌شه‌سه‌ندن ناگونجێت. ناوه‌نده‌كه ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ی به ئاڵۆزترین بودجه له‌وه‌ته‌ی روودانی شۆڕشی ده‌ستووری له كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی قاجارییه‌كان یان نزیكه‌ی 120 ساڵی رابردوو هه‌ژمار كردووه.
كه‌رتی به‌رهه‌مهێنان پشتگوێ خراوه
یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی له‌و بودجه‌یه ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه، پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆری خستووه‌ته سه‌ر كه‌رتی به‌رهه‌مهێنان و باجی سه‌ر كه‌رتی به‌رهه‌مهێنان و خێزانه‌كان زیاد كراوه، كاریگه‌ریی زۆری خراپی بۆ سه‌ر ئابووری ده‌بێت. جگه له‌مه حكوومه‌تی ئێران به‌شێكی زۆر له سه‌رچاوه دارایی و بانكییه‌كانی به ده‌وڵه‌ت سپاردووه، سه‌رچاوه‌ی پێویستی دارایی به مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان و سووڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه به‌تایبه‌تی له بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌ت به‌رده‌ست نییه.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌هۆی ئه‌و به‌ربه‌ست و رێسایانه‌ی له ده‌ره‌وه به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاوه، وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كیش زۆر كه‌م و هی ناوخۆییش زۆر سنووردار ده‌بێت، بۆیه چاوه‌ڕوانیی گه‌شه‌ی لێ ناكرێت و ئه‌و بڕه پارانه‌ی ئێران چاوه‌ڕوانی ده‌كات له ده‌ره‌وه بۆی بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌سته‌مه بۆی به‌دی بێت. درێژه‌كێشانی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا به گرنگترین هۆكار هه‌ژمار ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی ''
ئافتاب'' حوسێن سه‌ڵاح وه‌رزی سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی ئێران پێی وایه، ره‌شنووسی بودجه‌كه ئاڵۆزه و ئه‌و خشتانه‌ی خراونه‌ته روو، هیچ به‌رچاوڕوونییه‌ك به‌ده‌سته‌وه ناده‌ن له‌وه‌ی حكوومه‌ت چ پلانێكی بۆ نرخی كاره‌با و گاز و به‌نزین هه‌یه.
به‌رزكردنه‌وه‌ی باج ده‌بێته هۆی سستكردنی ئابووری
ئه‌و پێی وایه به‌رزكردنه‌وه‌ی باج ده‌بێته هۆی سستكردنی ئابووری و پاڵه‌په‌ستۆی زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌رتی به‌رهه‌مهێنان. حكوومه‌ت بۆ دابینكردنی بودجه، زیاتر پشتی به باج به‌ستووه و هیوای خواستووه لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌و كه‌موكورتییانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
كورتهێنانی بودجه
خاڵێكی تر كه ره‌خنه و گازنده‌ی چاودێرانی ئابووری و ژووری بازرگانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه، حكوومه‌تی ئێران له بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا، ته‌نیا گرنگیی به خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن داوه و هیچ بایه‌خێكی به به‌رهه‌مهێنان و وه‌به‌رهێنان نه‌داوه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مه‌كینه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری به یه‌كجاری بكوژێته‌وه.
قه‌باره‌ی كورهێنانی بودجه له ساڵی داهاتوودا ده‌گاته 450 تریلیۆن تمه‌ن
قه‌باره‌ی كورهێنانی بودجه له ساڵی داهاتوودا ده‌گاته 450 تریلیۆن تمه‌ن و پێشبینی كراوه حكوومه‌تی ئێران له رێی فرۆشتنی كاغه‌زه داراییه‌كان، سوودوه‌رگرتن له سندووقی په‌ره‌پێدانی نیشتمانیی، رژاندنی دۆلار به بازاڕ به نرخێكی به‌رزتر بخوازێت ئه‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه.
ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی ئاماژه‌ی پێ كرا ئه‌گه‌ر هه‌ر دۆلارێك به 50 هه‌زار تمه‌ن بخه‌مڵێنن ئه‌وا به‌و ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ن كه كورتهێنانه‌كه ده‌گاته نۆ ملیار دۆلار، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نرخی فه‌رمی بانكی ناوه‌ندی له‌به‌رچاو بگرین و 31 هه‌زار تمه‌ن بۆ هه‌ر یۆرۆیه‌ك دابنرێ، ئه‌وا قه‌باره‌كه زۆر زیاتر ده‌بێت و ده‌گاته سه‌رووی 14 ملیار یۆرۆ.
به‌رزیی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان
به‌پێی ئامانجێك كه له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو خراوه‌ته روو، رێژه‌ی هه‌ڵاوسانی به 30% ده‌ستیشان كردووه، له كاتێكدا هه‌ر ئێسته رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له ئێران سه‌رووی 45%ه. جگه له‌مه دابه‌زاندنی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان پێویستی به كۆمه‌ڵێك رێكار هه‌یه كه له بودجه‌دا نابینرێن.
ده‌ره‌نجامی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بودجه‌یه، هه‌ژارتركردنی خه‌ڵكی ئێران و سستركردنی گه‌شه‌ی ئابووری و به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری، بێكاری و هه‌ڵاوسانه
ده‌ره‌نجامی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بودجه‌یه، هه‌ژارتركردنی خه‌ڵكی ئێران و سستركردنی گه‌شه‌ی ئابووری و به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری، بێكاری و هه‌ڵاوسانه. ئێران تووشی دۆخێك بووه كه گرووپێكی ناشاره‌زا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌وانه‌ش ته‌نیا بیر له پاراستنی ده‌سه‌ڵات و دابینكردنی ئاسایشی رێژه‌یی ده‌كه‌نه‌وه.