یەكێتیی مامۆستایان روونكردنەوە دەدات و دەڵێت بە نەزانینەوە رووی داوە

:: PM:02:35:04/01/2024 ‌
 مەكتەبی سكرتاریەتیی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە، روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی‌ لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاو كراوەتەوە، كە لەكاتی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە لەسەر ئەرشیڤی رۆژنامەیەك و ناسنامەی مامۆستایان ‌راوەستاون.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری كانوونی دووەم، لە روونكردنەوەیەكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا هاتووە، بەداخەوە بە هۆی نەزانینی كارمەندێك، كارتۆنێكی پێناسەی كۆنی ساڵی 2016 كە لە بنەڕەتدا بڕیاری سووتاندنی درابوو، لەگەڵ كۆمەڵێك كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بەكارهاتوو بۆ لەسەر وەستانی قسەكەرەكان بۆ میدیاكان.

باس لەوەش كراوە، ئەوە لەلایەن هەندێك میدیا قۆزرایەوە وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، گەورە كرا و كرایە شێوە توانج و تەنزێك لە یەكێتیی مامۆستایان، بێ ئاگا لەوەی ئەرشیڤی یەكێتیی مامۆستایان پڕە لە دیكۆمێنتی هەفتاكان و هەشتاكان، نەوەتەكان بە دواوەش بە زیادەوە، ئەو پێناسانەش هەر بەشێك بوونە لەو ئەرشیڤە سەرباری بڕیاری سووتانیان هەبووە، بەڵام وەك رێزێك بۆ ناو و وێنە و واژووەكان، دەستمان نەچووە سووتاندنیان، چ جای ئەوەی هاتە پێش و كرا بە بابەتێكی تەنزئامێز.

روون كراوەتەوە، بۆ ئەوە ئێمە سەرباری ئەوەی بە نەزانینەوە بووە، زۆر داوای لێبوردن  لەهەر كەس و لایەنێك دەكەین ئەگەر هەستیان بە نیگەرانی كردبێت، هەقیشە میدیاكانیش بەر لەوەی بیكەنە سەردێڕی باس و خواسەكان و لایەن و خەڵكانێك  ناڕەحەت و نیگەران بكەن، پرسیار و روونكردنەوە داوا بكەن وەك ئیتیكی رۆژنامەنووسی و راگەیاندن، هیوادارین بەو روونكردنەوە و داوای لێبوردنە ئەوەی بەو دیمەنە نیگەران بووە، بمانبەخشێت.

لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەوانەشی لە هەل دەگەڕێن بۆ توانجدان لە بەرانبەر،  باشترە واز لەو ئەدگارە بێنن، چونكە بێ شك ئەگەر یەك جار زیان بە كەس و لایەنێك بگەیەنن، دەیان جار زیان بە خۆیان  و مینبەرەكەیان و  راستگۆییان دەگەیەنن، بە هیواین ئەوەندە بەس بێت، لەگەڵ رێزی بێ سنووری یەكێتیی مامۆستایان بۆ هەموو لایەك.



وشە - رامیار جەواد