خەڵكی هەولێر خۆپێشاندان دژی ئێران دەكەن

:: AM:09:14:16/01/2024 ‌
لە پێناو سەركۆنەكردن و شەرمەزاركردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی دوێنێ شەو كرایە سەر هەولێری هەمیشە سەربەرز و كردەوە تیرۆریستیەكانی پێشوتریش ئەمڕۆ خەڵكی هەولێر خۆپێشاندان دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی كانوونی دووەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ ژمارەیەك هاووڵاتی شارەكەمان داوای مۆڵەتی خۆپێشاندانیان كردووە و بڕیارە سەعات 10 و نیو، گەورە و بچووك چین و توێژەكان، بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەت و ڕێسواكردنی بكەرانی ئەو تاوانە، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر شەقامی 100 مەتری، گردبوونەوەی جەماوەری بكەن و مۆڵەتیان پێ دراوە و ئێمەش پشتیوانیان لێ دەكەین و لەگەڵیان دەبین.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بۆیە داوا لە جەماوەری هەمیشە سەربەرزی هەولێر و دەوربەری دەكەین، بۆ گەیاندنی دەنگی هەولێر و پرۆتستۆكردنی ئەو تاوانە، بەشداریی فراوان بكەن.  



وشە - ئاوات ئازاد