شارەزایەكی كەشناسیی رای گەیاند، تاوێكی تری باران و هەورەبروسكە لە ناوچەكانی دەشتی گەرمیان نزیك بووەتەوە، هاوكات هۆشداری دا لە ئەگەری دروست بوونی لافاو لە تەواوی چەم و دۆڵ و ناوچە نزمەكان.
ئەمشەو 16ی شوباتی 2024، سیروان ساڵح شارەزای كەشناسیی بڵاوی كردەوە، بەهۆی چڕبوونەوەیەکی زۆر و هەبوونی هەورێکی زۆری کەڵەکەی ناوخۆیی ئەم ئێوارەیەو ئەمشەو، دووبارە ناوبەناو ئەگەری بارانی بەخوڕ و هەندێك کات تەرزە و هەورەبروسکە هەیە لە ناوچە جیاوازەکانی گەرمیان بە بڕی جیاواز.
لە نوێترین زانیاری كەشناسییدا ئەم شارەزایە رای گەیاندووە كە تاوێکی تری باران و هەورەبرووسکە لە ناوچەکانی دەشتی کەلار ڕزگاری کفری نزیک بووەتەوە، پێشبینیی دەکەین لەماوەی یەک کاتژمێری داهاتوودا بگاتە سنوورەکە.
هاوكات سیروان ساڵح هۆشداری داوە و رای گەیاندووە كە ئەگەری لافاو هەیە لە تەواوی چەم و دۆڵ و ناوچە نزماییەکان.
ئەمە لەكاتێكدایە بە پێی پێشبینی كەشناسیی هەرێم، پێشبینی كراوە بۆ سبەی شەموو ئاسمان هەور دەبێت و نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت. هەندێک کات هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت. پێشبینی دەکرێت لە شەوەکەیدا لە ناوچە سنوورییەکان و چیاکانی کوردستان کەمێک بەفر ببارێت.