"كەس زانیاری تەواوی لەسەر بودجەی 2024ی عێراق نییە"

:: PM:09:28:21/02/2024 ‌

دوای دروستبوونی حكوومەتی نوێی عێراق، دەستگرتنەوەیەكی توند لە رووی داراییەوە هەیە، بودجەی سێ ساڵی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو لە پەرلەمان پەسند كرا، بەڵام ئەوەی 2023 تەنیا مووچەی لێ جێبەجێ كراوە، بۆ ئەمساڵ بڕیارە یاسایەكە هەموار بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستە كەس زانیاری لەبارەی وردەكاری و ژمارە و گۆرانكارییەكان نییە.

سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە هیچ لایەنێكی حكوومەت و پەرلەمانی زانیارییان لەبارەی رێژەی كورتهێنانی راستەقینە لە بودجەی 2024 و خشتەی خەرجی و داهات نییە، بۆیە هیچ لایەنێكی بەرپرس لە حكوومەت و دەستەی راوێژكاران، زانیارییان لەبارەی رێژەی راستەقینەی كورتهێنان لە بودجەی 2024 نییە.

روونی كردەوە، بابەتەكە تا ئەو ساتەش بەتەواوەتی لای وەزارەتی دارایی داخراوە و هیچ لایەنێكی تری حكوومەت و پەرلەمان ئاگەداری نین، تەنانەت خشتەكانی یاسای بودجە هێشتا لای فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی داراییەوە لە تاوتوێكردن و ئامادەكردندایە، بۆیە كەس سەبارەت بە وردەكاری و ژمارەكان زانیاری نییە.  

دوێنێ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە خشتەكانی بودجەی 2024 رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەری، لەوكاتەی جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە تا ئێستە نازانن حكوومەت كەی خشتەكانی یاسای بودجەی 2024 رەوانەی پەرلەمان دەكات، نازانن خشتەكان و پارەی تەرخانكراو و خەرجییەكان چەندن، رێژەی كورتهێنان چەندە؟، بۆیە پێویستە حكوومەت پەلە لە ناردنی بودجەكە بۆ پەرلەمان بكات بۆ تاوتوێكردن و پەسندكردنی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل