وەزیری دارایی عێراق: خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 رەوانەی پەرلەمان دەكەین

:: PM:05:39:26/02/2024 ‌

تا ئێستە خشتە داراییەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2024 لە وەزارەتی دارایی لە قۆناغی داڕشتنە و رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، وەزیری دارایی عێراق رای گەیاند كە بەم نزیكانە خشتەكان رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، دووپاتی كردەوە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ 2024 دابین كراوە.

ئێستە پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی گەیشتنی خشتە داراییەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2024 دەكات، بۆ ئەوەی لە لیژنە پێوەندیدارەكان چاوی پێدا بخشێنرێتەوە و دوای دەستكاریكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە دەخرێتە دەنگدان و پەسند دەكرێت بۆ گەیشتنی بە قۆناغی جێبەجێكردن، بەتایبەتی كە بڕیارە چەند گۆڕانكارییەك لە یاساكەدا بكرێت، لەوانە پێوەست بە پشكی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی.

ئەمڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەزوە مێوانداری كرا، چەند پرسیارێكی سەبارەت بە مووچە لە عێراق و خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاراستە كرا، ئەو گوتی، مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ 2024 دابین كراوە، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بۆ ئەو مانگە دەوەستێتە سەر رەوانەكردنی لیستی ناوی فەرمانبەران، بۆ مانگەكانی داهاتووش مەرجی ئەوەمان داناوە كە مووچەی ئەوان لە بانكەكان جێگیر بكرێت.  

سامی دووپاتی كردەوە كە دەستیان بە دابینكردنی پارە بۆ بودجەی بەكارخستن كردووە، بەم نزیكانەش خشتەكانی بودجەی 2024 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ پەسندكردنی، دوای ئەوە رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان بۆ دەنگدان، ئاشكرای كرد كە دابینكردنی پارە بۆ بودجەی بەكارخستن و مووچە نەوەستاوە.

بەپێی زانیارییەكان، دوای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی بۆ ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو بە پارە لە بەغداوە دێت، بەڵام بۆ مانگەكانی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی لە رێگەی جێگیركردنی مووچەكانیان لە بانكەكانەوە دەبێت، هەر پارێزگایەك داتای فەرمانبەرانی زووتر بداتە وەزارەتی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی زووتر جێگیر دەكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێوردبوونەوەی بۆ بەشێكی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە و دەبێت بۆ ئەوانیتریش بكات، ئەوەش كاتی دەوێت، جیا لەوە پرۆسەی جێگیركردنی مووچەكانیان ئەویش پێویستی بە بوونی لقی بانكی فیدراڵی هەیە، واتە بانكەكانی رەشید و رافیدێن و بانكی بازرگانیی عێراقی، كە رەنگە ئەو پرۆسەیە چەند مانگێكی بوێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل