ئەمڕۆ 33 ساڵەی یادی ڕاپەڕینی كوردستانە

:: AM:08:53:05/03/2024 ‌
ڕۆژی پێنجی ئاداری ساڵی 1991 ئەو ڕۆژە بوو كە گەلی كوردستان، ڕاپەڕینێكی سەرانسەرییان لە دژی داودەزگاكانی ڕژێمی بەعس لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین دەست پێ كرد، دواتر ڕاپەڕینەكە ناوچەكانی قەڵادزێ و هەریر و چۆمان و ڕواندز و مێرگەسۆر و كفری و دواتر كەركوووك و چەند ناوچەیەكی تری لە باشووری كوردستان گرتەوە.

لە بەیانییەكی زوو بەهۆی ستەمی ڕژێمی بەعس و بە پلانێكی بەرەی كوردستانی، هاووڵاتییان و پێشمەرگە لە ماوەی حەوت سەعاتدا توانییان لە شارۆچكەی ڕانیە، سەرجەم هێز و بارەگاكانی ڕژێم بەدەر بنێن، شارەكە پاك بكەنەوە و دەستپێكی ڕۆژێكی نوێ‌ لە باشووری كوردستان دەستی پێ‌ كرد.

راپەڕینی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، لە پێنجی ئاداری 1991 لە سەعات نۆی سەرلەبەیانی بە فەرمی لە ڕانیە دەستی پێ كرد. لە هەموو لاوە خەڵك ڕژانە سەر كووچە و كۆڵان و شەقامەكان، لە ڕادیۆكان و بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە خەڵك بۆ ڕاپەڕین هان دەدرا. پاشان جەماوەر هەڵیانكوتایە سەر داودەزگاكانی حكوومەت. سەعات سێی سەر لە ئێوارەیش سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاك كرایەوە. هەمان ڕۆژ چوارقوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بیتوێن و سەربازگەی سەركەپكان ئازاد كران، جگە لە تیپی 44ـی چوارقوڕنە، 50 كەس لە ڕژێم كوژران و 10 كەسیش لە هاووڵاتییان شەهید بوون، ژمارەیەكی زۆریش لە پیاوانی ڕژێم گیران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە مێژووی كورددا بە ڕۆژی ڕاپەڕین و ڕانیەیش بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا.

ڕۆژێك دواتر لە شەشی ئاداری ساڵی 1991، ناوچەی بازیانی یەك و دوو، ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد كران. بە جۆرێك خەڵكی بازیان لە سەعات چواری ئێوارە، هەڵیانكوتایە سەر دەزگاكانی ئەوێ و هەرزوو سەركوتیان كردن. لە پشدەریش سەربازگە و دەزگاكانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە دەورە دران و هەرزوو پاك كرانەوە، تەنیا فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر نەبێ، كە شەڕی مان‌ و نەمانیان كرد و بووە هۆی شەهیدبوونی چەند هاووڵاتییەك.

لەلایەكی ترەوە هەمان ڕۆژ چوارقوڕنە لە سێ لاوە دەورە درا و بە ئاسانی ڕزگار كرا، دواتر پایەگەكانی سەر كلكەی كۆڵین و حاجیلە و بەرزاییەكانی دۆڵەڕەقە بێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و خۆیان ڕادەستی گەل كرد. ڕژێم لیوایەكی لە كۆیەوە بۆ پاڵپشتی تیپی چوارقوڕنە هێنا و بە تۆپ و چەكێكی زۆر كەوتە وێزەی خەڵكی ناوچەكە. هەر هەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و چەند سەرباز و ڕائیدێكی سوپای عێراقی لێ كوژران.

دوای شارۆكەی ڕانیە، بەپێی ئەو پلانەی بەری كوردستانی داینابوو، تەواوی شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان گڵپەی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان دایگرتبوو، بەو هۆیەوە هەر ڕۆژە و شار و شارۆكەیەك ڕاپەڕین دەیگرتەوە، تا لە 20ـی ئاداری 1991ـدا جگە لەوەی كوردانی شاری كەركووك ڕاپەڕین، لە قۆڵی سلێمانی و هەولێریشەوە هێزی پێشمەرگە هێرشی برد و تا ئێوارەی هەمان ڕۆژ، تەواوی شاری كەركووك ئازاد كرا، ئاگری نەورۆزی تێدا هەڵگیرسا. بەمەیش ڕاپەڕینی گەلی كورد لە باشووری كوردستان گەیشتە دواین خاڵ و هیچ شوێنێكی هەرێمی كوردستان نەما ئازاد نەكرێت.



وشە - رامیار جەواد