خزمێكی: كەناڵى حزبە ئیسلامییەكان كاریگەری نەرێنی لەسەر ماریا هەبوو

:: PM:08:01:06/03/2024 ‌
دوو ساڵ لەمەوبەر و لە شەشی‌ مارس، كوشتنی‌ ژنێك لە هەولێر بووە مانشێتی زەقی میدیاكان و قسەی سەر زاری خەڵكی.

ئیمان سامی‌ مەغدید ناسراو بە "ماریا سام" /20 ساڵ/، پێشتر بێژەری‌ كەناڵێكی‌ ئیسلامی‌ بوو، دواتر وازی‌ هێناوە و وەك كەسوكارەكەی‌ گوتیان، ماوەی‌ چەند ساڵێك بوو لە هاوسەرەكەی‌ جیا بووبووەوە. رووداوی‌ كوشتنی‌ ماریا كاردانەوەی‌ زۆری‌ لەناو خەڵكی‌ لێ‌ كەوتووە، چونكە یەكەمجارە ژنێك بەمشێوەیە بكوژرێ‌.

ماریا لە شەوی شەشی‌ ئاداری‌ 2022 لە شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر كوژرا، دواتر ئاشكرا كرا كە ئەو لەلایەن برایەكیەوە بەناوی‌ "ئەنجام سامی‌ مەغدید" كوژراوە، دوای‌ چەندان رۆژیش تۆمەتبارەكە لە كەركووك گیرا.
 
دوای‌ كوشتنی‌ ماریا سام، بە تەواوی‌ ئاشكرا بوو؛ ئەو جگە لە هونەرەكەی‌ كە دەنگێكی‌ خۆشیشی‌ هەیە و تا ئێستە ئەو گۆرانییانەی‌ لە دانیشتنەكانیدا گوتوونی‌، لە ناخی‌ زۆرینەی‌ تاكەكانی‌ كوردستانە.

ماریا لە تەمەنی‌ 14 ساڵی‌ بە شوو درابوو و دواتر جیا بووبووەوە، دەستی‌ بەكاركردنی‌ خۆی‌ كردبوو تا ئابووریی‌ سەربەخۆی خۆی‌ بە دەست بێنێت و لە كافێیەكی‌ شەقامی‌ "غەزالی"ى شارى هەولێر‌ كاری‌ دەكرد.

جیا لە گۆرانییەكانی‌، ئێستە ئەو قسانەیشی‌ كە ماریا سام لە تیكتۆك گوتبوونی‌، لای‌ خەڵك ماونەتەوە وەك ئەوەی‌ پێشتر گوتبووی‌، "هەموو ئەوانەی‌ من بە ئاشكرا دەیكەم و شانازی‌ پێوە دەكەم، ئێوەیش بە دزییەوە دەیكەن و بوێریی‌ ئەوەتان نییە بە ئاشكرا بیكەن".

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" تا ئێستەیش دایكی‌ ماریا سام لەناو خەفەتی‌ كوشتنی‌ كچەكەی دایە و لەپاڵ ئەوەیشدا لەگەڵ مامی‌ ماریا كەوتووەتە كێشە، چونكە پێی‌ وایە ئەو هاندەر بووە بۆ كوشتنی‌ ماریا سام. 

خزمێكی ماریا بە "وشە"ی گوت، ئێستە بەشێك لە خزمەكانی بۆیان دەركەوتووە كە حزبە ئیسلامییەكان لە رابردوودا كە ماریا لە راگەیاندنەكانیان كاری دەكرد، كاریگەری نەرێنییان لەسەری هەبووە و ماریا پەرچەكرداری وەرگرتووە.

سەرەتای‌ تاوانەكە دەركەوت كە براكەی‌ ماریا كردەكەی‌ ئەنجام داوە، ئەوەیش هۆكار بوو كە دوای‌ ماوەیەك لە كەركووك بگیرێت.
 
بكوژی "ئیمان سامی‌ مەغدید" كە بە ماریا سام ناسرا بوو، ناوی‌ "ئەنجام سامی‌ مەغدید"ـە و برای ماریایە، ئەوكاتە بكوژەكەی‌ لە دیمانەیەكدا‌ گوتی‌، "نۆ فیشەكی‌ لێ داوە".

هێشتا كێشەی‌ دایكی‌ ماریا و ماڵباتی‌ مامی‌ بەردەوامە، بەتایبەت كە دوای‌ دانیشتنی‌ یەكەمی‌ دادگا لەسەر كەیسی‌ كوشتنی‌ ماریا سام، باس لەوە كرا كە بكوژەكە لەلایەن كەسێكەوە هان دراوە و دەمانچەی‌ بۆ ئامادە كراوە و رێوشوێنی‌ كردەكەی‌ پێ پێشان دراوە. 

ماریا سام و سەتان ژنی‌ تر لە كوردستان، قوربانی‌ ئەو عەقڵییەتە داخراوەن كە هێشتا چەك بۆ یەكلاكردنەوەی‌ كێشە بەكار دەهێنن، یان شەرەف دەكەنە بیانوو بۆ كوشتنی‌ كچێك.


وشە - وشه‌