ئەمساڵیش حكوومەت و پەرلەمانی عێراق مافی شایستەی هەڵەبجەییەكانیان نەدا

:: PM:05:13:16/03/2024 ‌

ئەمڕۆ 36مین ساڵوەگەڕیی كیمیابارانی هەڵەبجە بوو، ئەو كارەساتەی بووە ناونیشان و ناسنامەی نەهامەتییەكانی كورد لە سەردەمی نوێدا، رووداوێكی كۆمەڵكوژی بوو و ستەملێكراویی نەتەوەیەك و ستەمكاریی چەند رژێمێكی دڕندە و قینلەدڵی دووپات كردەوە، كەچی لە عێراق حكوومەت و پەرلەمان، لە دوورەوە سەركۆنەی رووداوەكەیان كرد و تەنیا دروشمەكانی پێشوویان دووبارە كردەوە.

موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە بە ئازارێكی زۆرەوە 36مین ساڵوەگەڕیی ئەو كوشتارگە دەكەینەوە، كە لەلایەن رژێمی بەعسی دیكتاتۆری تاوانبارەوە بەرانبەر بە دانیشتووانی شاری هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی قەدەغەكراو هاتە ئەنجامدان و بووە هۆی شەهیدبوونی هەزاران كەسی بێتاوان و سیڤیل، كە زۆرینەیان منداڵ بوون. 

مەندەلاوی ئاماژەی كرد كە كارەساتەكە وەك شایەتحاڵێكی زیندوو بۆ قێزونی و خوێنڕێژیی رژێمی دیكتاتۆری دەمێنێتەوە، كە بەرجەستەی پێشێلكارییەكی زەقی بەها مرۆییەكان دەكات، دووپاتی لە پاڵپشتی و سووربوونی تەواوی پەرلەمان كردەوە لە دەركردنی هەر یاسایەك بۆ جێبەجێبوونی دادوەریی كۆمەڵایەتی و دانی مافی كەسوكاری قوربانیان و تۆڵەسەندنەوەی لەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سوورە.

بەدەر لە بێدەنگیی هێزە سیاسییەكانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، بە ئازارەوە یادی ئەو تاوانە و قوربانیانی دەكەنەوە، كە دڕندەیی رژێمی لەگۆڕنراو بۆ نەوەكان و تاوانەكانی بەرانبەر بە گەلی كورد و پێكهاتەكانی تری گەلی عێراق دەردەخات، بۆیە ئەو كارەساتە لەناو ویجدانمان دەمێنێتەوە و بەرەو هەوڵی زیاتر بۆ بەهێزتركردنی سیستمی دیموكراسی هانمان دەدات، بۆیە هەوڵەكانی حكوومەت بۆ دانی مافی ستەملێكراوان و جێبەجێكردنی یاساكانی پاڵپشتن بۆ مافی ئەوان بەردەوام دەبێت. 

هەر ئەمڕۆ لە 36مین ساڵوەگەڕیی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە مافی شایستەی قوربانییەكانی ئەو شارە بدرێت، كە رووبەڕووی قێزەوەنترین تاوانەكان دژ بە مرۆڤایەتی بوونەوە، كەمترین پاڵپشتیش رەزامەندیی پەرلەمانی عێراقە لەسەر كردنی بە پارێزگا و دابینكردنی پارەی پێویستە بۆی و مامەڵەكردن لەگەڵی وەك پارێزگایەك لە لەلایەن وەزارەتەكانی فیدراڵی لە نووسراوە فەرمییەكاندا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل