هونەرمەندێكی ناوداری عەرەب كۆچی دوایی كرد

:: AM:09:42:17/03/2024 ‌
بەپێی هەواڵی میدیاكانی میسر، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هونەرمەندێكی ناوداری میسر بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، سەندیكای ئەكتەرانی میسریش هەواڵەكە و پرسەكەی بڵاو كردووەتەوە كە لە قاهیرە دەبێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، میدیاكانی میسر و سەندیكای ئەكتەرانی میسر بڵاویان كردەوە، فارووق عەتیە كە یەك لە ئەكتەرە ناودارەكانی وڵاتەكەیە، بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 70 سااڵی كۆچی دوایی كرد. ئێستە تەرمەكەی لە مزگەوتی سەلامی قاهیرەیە و پرسەكەیشی هەر لەوێ دەبێت.

عەتیە لە دەیان دراما و فیلمی سینەماییدا بەشدار بووە، بەوە دەناسرێتەوە كە لە زۆربەی رۆڵەكانی، بەرجەستەی كەسایەتیی خێر و كەسی باشی كردووە، چونكە شێوەی رووخساری و كەسایەتیی راستەقینەی خۆیشی بەو شێوەیە بووە.

فارووق عەتیە لە 1954 لە پارێزگای دمیات لە دایك بووە، ئەو درامایانەی ئەو تێیاندا بەشدار بووە زۆرن، بەڵام زیاتر لە دراماكانی "افواە و ارانب- 1978" و "العائلە- 1994" و "بشری سارە- 2009" رۆڵەكانی كاریگەر بوون كە توانیویەتی زۆرتترین هەوادار لە خۆی كۆ بكاتەوە، جیا لە بەشداریكردنی لە دەیان شانۆگەری، لەناویاندا شانۆگەریی "شكسپیر".

جیالە دراما و شانۆگەرییەكان، هاوكات عەتیە لە دەیان فیلمی سینەماییدا بەشدار بووە، لەناویاندا وەك نموونە فیلمی "رێ بەرەو چەرمەسەری- 1994" بوو كە یەك لە فیلمە ناودارەكانی میسر بوو. دوا درامایشی كە بەمدواییە نمایش كرا، درامای "علی باب عیمارە" بوو.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د