دوای بایكۆتی پارتی بۆ هەڵبژاردن یۆنامی داوای چارەسەركردنی كێشەكان دەكات

:: PM:10:18:18/03/2024 ‌

دوای ئەوەی بەرانبەر بە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی، بەتایبەتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنەكەی راگەیاند، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی"، داوای لە هەموو لایەنەكان كرد كە هەوڵی گەیشتن بە چارەسەر بدەن.

ئەمڕۆ دووشەم مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كرەوە و رای گەیاند كە ناچێتە ژێر باری پەسەندكردنی بڕیاری نادەستووری و سیستمێكی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەكانی و بەشداری هەڵبژاردنێك ناكا كە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمیكی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت.

لەوەش زیاتر مەكتەبی سیاسیی پارتی دووپاتی كردەوە كە لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەكردنی دەستوور و تەواوی خاڵەكانی رێككەوتنی سیاسی و ئیداریی پێكهێنانی كابینەی ئێستەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكاتی محەمەد شیاع سوودانی، بە پێچەوانەوە ناتوانین لە پرۆسەی سیاسیدا بەردەوام بین.

دوای ئەو هەڵوێستە راشكاوانەی پارتی، كە چاوەڕوان دەكرێت كاریگەرییەكی گەورە بخاتە سەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە زانیاریان لەبارەی بڕیاری ئەمڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان پێ گەیشتووە، جیا لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی مانگی رابردوو.

روونی كردەوە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین بۆ كاركردن لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و گەیشتن بە چارەسەری، لە بری چوونە ناو تەنگژەیەكی درێژخایەن، هاوكات یۆنامی دووپاتی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل