نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا

:: PM:05:15:19/03/2024 ‌
ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی (WMO) کە بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان هەژمار دەکرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کەشوهەوا ڕای گەیاند، ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بووە بە درێژای ئەم ساڵانەی دوایی.

پلەکانی گەرما ڕیکۆردێکی نوێیان تۆمار کردووە لە ساڵی ڕابردوو و بە ڕێژەی 1.45 پلە دنیا گەرمتر بووە لە ساڵانی پێش دەستکردن بە پڕۆسەی پیشەسازی و بەرهەمهێنان لە کارگەکان، گەرمبوونی زەوی بووەتە هۆی توانەوەی سەهۆڵبەندان و بەستەڵەکەکان، ئەمەیش لە کۆتایدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان. 

کەناڵی ''DW'' بڵاوی کردەوە، ڕێکخراوەکەی کەشناسیی جیهانی دەرئەنجامەکانی گەرمبوونی جیهانی بەم لێکەوتانە دیاری کردووە، شەپۆلی گەرما و لافاو و سووتانی دارستانەکان و سەرئەنجام زیانی ئابووریی بەدوادا دێت.

ترسی ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەوەیە پلەکانی گەرما لە ساڵانی ئایندە 1.5 پلە تێپەڕ بکات کە لە ڕێککەوتننامەی پاریس ئاماژەی پێدرابوو، بەڵام هێشتا هیوای ئەوە هەیە بەر بە گەرمبوونی ژینگە بگیرێت، چونکە دنیا بەرەو وزەی خاوێن هەنگاو دەنێت و تەنیا لە ساڵی 2023 بەکارهێنانی وزەی خاوێن بە ڕێژەی %50 زیادی کردووە. 

سەرەڕای هەموو ئەمانە، نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات لەوە دەکاتەوە، قەیرانی گەرمبوونی ژینگە بە ئاستەنگێکی ڕژد وەربگرن و وڵاتان پلانی تۆکمە دابنێن بۆ نزم ڕاگرتنی پلەکانی گەرما.


وشە - ئارا هێمن