یەكێتی قووتی فەرمانبەرانی خستە ژێر دەستی بەغدا و ئێستەش هیچ حیسابێكی بۆ ناكرێت"

:: PM:10:38:20/03/2024 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی هەوڵی بۆ ئەوە دا كە هەرێمی كوردستان نەوت رادەست بكا و مووچە بكەوێتە سەر بەغدا، كەچی ئێستە هاتووە و باسی ئەوە دەكات كە بەغدا مووچە نادات و گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بووە، بۆیە ئەوەی یەكێتی كردی دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێم بوو، لەكاتێكدا لەو حكوومەتە بەشدارە و پۆست و پلەی باڵای تیادا هەیە.

 لانە محەمەد، مامۆستای زانكۆ و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی ئێستە یەكێتی لەبارەی مووچە و دواكەوتنی بە فەرمانبەران و خەڵكی دەڵێت، هەر خۆیان دوێنێ بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دەیان جار چوونە بەغدا و لەگەڵ نەیاران و دوژمنانی كوردستان كۆبوونەوەیان دەكرد، تا لە كۆتادا قووتی فەرمانبەرانیان خستە ژێر دەستی بەغدا و خۆشیان هەڵخەڵەتێنران و هیچ حیسابێكیان بۆ نەكرا.

زیاتر گوتی، یەكێتی ئەوەشی بیر چووە كە ئەوەی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم دێت، هۆكارەكەی خۆیان بوون، ئەوان بوونە هۆكاری ئەوەی ئابووریی كوردستان بەو دۆخە گەیشت و فەرمانبەران مووچەیان دواكەوت، بەڵام خەڵك باش ئەوە دەزانن كە یەكێتی و هاوشێوەكانیان بوون كە دەیانگوت، با نەوت رادەست بكەین و هەرێم و مووچەی فەرمانبەران لەسەر بەغدا بێت، خەڵك كێشەی نامێنێت و بەغدا پارەی زۆر دەنێرێت و گرفتی دواكەوتن و نەدانی مووچەی فەرمانبەران نامێنێت، خێرە ئێستە وا پێشانی دەدەن كە حكوومەت هۆكاری ئەوە بێت.

"با خۆیان بچن مووچە بێنن، كە بوونە هۆكاری ئەوە، بۆیە با خۆڵ نەكەنە چاوی خەڵك و چەواشەكاری نەكەن و یاری بە هەستی فەرمانبەران و خەڵك نەكەن، ئەی نەیاندەگوت بەغدا كوردستان پڕ لە پارە دەكات، ئەوەتا فەرمانبەر سێ مووچەیان لای بەغدایە"، لانە محەمەد وای گوت.

 لای خۆیەوە عەدنان ئەحمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، یەكێتی بەرژەوەندیی خۆی هەبوو لەوەی كە حكوومەتی هەرێم بێدەسەڵات بكرێت و پێگەی لاواز بێت و نەوتەكەی لە ژێر دەست نەمێنێت، هەر خۆیان دەیانجار چوونە بەغدا و لەگەڵ ئەوانە كۆ بوونەوە كە دژی كورد بوون، دواتریش لەكاتی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، موژدە و هەواڵی خۆشیان بە گوێی خەڵك دەدا گوایە مووچە دواناكەوێت و بەغدا كوردستان پڕ لە پارە دەكات، بەڵام ئێستە بۆ مووچە دژی حكوومەتی هەرێم قسە دەكەن و دواكەوتنی مووچە دەخەنە ئەستۆی حكوومەت.

هەر پێوەست بەو بابەتە هەڵۆ سەمین، كادری پارتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، سیاسەتی هەڵەی هەندێك لایەن لە بەغدا دۆخێكی خراپی لە هەرێمی كوردستان دروست كرد، ئەوانە هەمیشە كاریان عێراقچیەتی بووە، خۆیان لەناو حكوومەتن و لە دەرەوەی حكوومەتیش دژی حكوومەتن، چەندان جار گرفتیان بۆ حكوومەت دروست كرد، ئەوانەی داوایان بەغدایان دەكرد، هەر ئەو بەغدایە سێ مووچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی نەدا، یەكێتی بێدەنگ بووە، بەڵام هاتوون باسی مووچە رووبەڕووی حكوومەتی هەرێم دەكەنەوە، لەكاتێكدا یەكێتی خۆی مووچەی خستە سەر بەغدا و ئێستەش داوا لە حكوومەت دەكات.

ئاماژەی كرد، بەغدا لە وادەی خۆی و لەكاتی خۆی مووچە و پارە نانێرێت، بەهۆی بەغداوە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نازانن كەی مووچە وەردەگرن، بەغدا فەرمانبەرانی هەرێم سزا دەدات و دەیەوێ گوشاری زیاتر لەسەر حكوومەتی هەرێم دروست بكات، هەروەها بەو كارەی دەیەوێ فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێم دژی حكوومەتی هەرێم هان بدات و خۆپێشاندان بكەن و فەرمانبەران بایكۆتی دەوام بكەن.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت