موفتی پێشووی میسر: خوا لە رۆژی دواییدا دۆزەخ دادەخات و هەموومان دەخاتە بەهەشتەوە

:: PM:11:08:21/03/2024 ‌
شێخ عەلی جومعە موفتی پێشووی میسر گڕی لە سۆشیال میدیا بەردا، ئەمەیش دوای ئەوەی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا رای گەیاند، رەنگە لە رۆژی دوایی كەس نەچێتە دۆزەخ و هەموو مرۆڤایەتی بچنە بەهەشت. 

شێخ عەلی جومعە موفتی پێشووی میسر لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەرنامەی رۆژانەی "نور الدین" كە لە میسرەوە پەخش دەكرێت لە رۆژانی رەمەزاند گوتی، بۆی هەیە لە كۆتاییدا خودا بەهۆی میهرەبانییەكەیەوە دۆزەخ قەپات بكات و هەڵیوەشێنێتەوە و هەموو كەسێك بخاتە بەهەشتی خۆیەوە. 

موفتەیەكەی پێشووی میسررەخنەی توندی لەو رەوت و ئاراستە ئاینییانە گرت كە ئەوەندی باس لە "ئەشكەنجەی گۆڕ" و رۆژی دوایی دەكەن، ئەوەندە باس لە رەحم و میهرەبانی خودا و "شەفاعەت"ەكەی ناكەن. 

شێخ عەلی روونی كردەوە، 70 هەزار شەفاعەتكار هەن بۆ كەسانی مسوڵمان، هەر یەك لەوانیش 70 هەزاری تریان هەیە كە بەم پێیە ژمارەی  شەفاعەتكاران دەگاتە پێنج ملیار شەفاعەتكار، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی مسوڵمانان لە دوو ملیار تێپەڕ ناكات. 

ئەم شێخەی پێشووی میسر گوتیشی، گرنگە مسوڵمان و تاكی ئیماندار پێوەندی خۆی لەگەڵ خوادا لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێز و ئومێد و گەشبینی بنیاد بنێت. 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە زۆرێك لە مسوڵمانان بەهۆی بێئاگاییانەوە تووشی گوناح دەبن، شێخ عەلی روونی كردەوە، مسوڵمانان پێیان وایە دەبێت ئاگری جەهەنەم هەر جێبەجێ بكرێت، نەخێر كەس ئەمە نازانێت، خوای گەورە تەنیا پێی گوتووین و ئاگەداری كردووین، ئاگر و دۆزەخ بوونیان هەیە، ئەی ئەگەر لە رۆژی دواییدا هات و لە میهرەبانی خۆیدا گوتی: من ئاگرم هەڵوەشاندەوە... ئێمە دەبێ بڵێین نەخێر چی هەڵدەوەشێنیتەوە؟ 

بەشێكی تر لە زانایانی ئیسلامیش لە پاڵ ئەم بیركردنەوەی شێخ عەلین، بەشێوەیەك پێیان وایە كە خوا میهرەبان و بەخشندەیە و هەرگیز بەندەی خۆی ناسووتێنێت و لەبارەی ئەوەیشی كە بۆچی باسی ئاگری دۆزەخی كردووە، رایان وایە كە هۆشدارییەكە و ترسێكە خودا داویەتی بە مسوڵمانان بۆ ئەوەی لەكاری خراپ دوور بكەونەوە، هاوكات لایەنگرانی ئەم رەوتە پێیان وایە كە پێویستە ئەگەر كارێك نەكەی، لە خۆشەویستی خودا نەیكەیت و لێی بەدوور بگریت.


وشە - پۆڵا مەحموود