فەرمانبەرێك: ئەوانەی گوتیان كێشەی مووچە چارەسەر بوو هەر ئەوان بوون كێشەی مووچەیان دروست كرد

:: PM:08:36:23/03/2024 ‌

ئەوانەی هەوڵی ئەوەیان دا مووچەی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت و دژی حكوومەتی هەرێم كاریان دەكرد و هەوڵی لاوازكردن و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكوومەتیان دەدا، ئێستە بەرانبەر ئەو قسەو دۆخەی بەغدا بێدەنگن، بۆیە ئەوە هاتە سەلماندن كە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی و مەرامەكانی خۆی بەدەست بێنێت، یەكێتی هەمیشە هەوڵی تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستانی داوە.

ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كۆمەڵێك دەنگی ناڕازی لە ناوخۆ وەك دوژمنێك دەنگی خۆیان خستبووە پاڵ بەغدا و دەیانگوت با هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەست بكات، بۆ ئەوەی ئابوورییە سەربەخۆكەی نەمێنێت، كە گەرەنتیی هەموو شتێك بوو بۆ كوردستان، ئەدی ئێستە خێرە لەدوای ئەو هەموو ستەمی بەغدا، بە نەدان و دواخستن و بڕینی بەشێك لە پارەی مووچەی فەرمانبەران، هیچ هەڵوێستێكیان نییە؟، كوا ئەو ئەندامانەی عێراق كە مژدەی دوانەكەوتنی مووچەیان دەدا؟، كوا فراكسیۆنی یەكێتی كە هۆڵی پەرلەمانیان كردبوو بە دەهۆڵكوتین لە خۆشی بەغدا؟، كوا ئەو هەموو پارەیەی كە ئەوان باسیان دەكرد؟

زیاتر گوتی، ئەوانە شەو و رۆژ بە باڵای بەغدایان هەڵدەدا، بەغدایان كردە شامی شەریف، هەر ئەو بەغدایەی ئەوان بە باشی باسیان دەكرد، ئێستە لێی بێدەنگ بوون و قسە ناكەن، لە سەرووی ئەوەشەوە یەك هەڵوێستیان بەرانبەر بە ئەو ستەمەی بەغدا دەیكات نەبوو، ئەوان بە حیساب پاڵپشتیی فەرمانبەرانی هەرێم بوون، بەڵام یەك قسەشیان بۆ بەرژەوەندیی فەرمانبەران نەبوو، جگە لەوەی بەغدایان بەرز كردەوە و دژی هەرێم وەستان.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، رۆشنبیر و كادری پارتی بە "وشە"ی گوت، ئەوانەی داوایان كرد سەر بە بەغدا بین و مووچە لەلایەن بەغداوە بدرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بدرێت، لە رابردووشدا هەر ئەوان بوون كە داوایان دەكرد حكوومەتی هەرێم نەوت رادەستی عێراق بكات، بەوەش هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەگاتە ئەوپەڕی خۆشی، بەتایبەتی كێشەی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت.

روونی كردەوە، بەڵام بینیمان كە هەموو شتێك پێچەوانە دەرچوو، كەچی چەرمی روویان ئەوەندە قایمە ئامادە نین ددانی پێدا بنێن، یان لانی كەم ئەوەندە دژە حكوومەتن، هیچ هەڵوێستێكیان بەرانبەر ئەو ستەمەی بەغدا نەبوو، ئەوانە دەبێت لەبەردەم میللەت ددان بەو هەڵەیەدا بنێن، چونكە بەغدا سەیری دەمی ئەوانی كرد، بۆیە هەر جارەو بیانووێك دێننەوە.

ئەو رۆشنبیرە دووپاتی كردەوە، بەغدا هیچ كات نەیویستوە مافی كورد بدات و رێككەوتننەكان جێبەجێی بكات، لای بەغدا و دەسەڵاتی عێراق شتێك نییە بەناوی دەستوور و مافی كوردستان، لای عەرەب شتێك نییە بەناوی هاووڵاتیی كوردستان و بە پلە یەك هەژماری ناكات، بۆیە لەوەتەی بەغدا هەیە بەرانبەر بە كورد مامەڵەیەكی باشی نەكردووە، جگە لەو كاتانەی كە لاواز بووبێت و ناچار بووبێت، هەركاتێكیش دەسەڵاتی هەبووبێت بەو جۆرە مامەڵە دەكات، ئەوانەشی بەغدا بە باش دەزانن، ئەوانەن كە چاوی خۆیان دەنوقێنن و دەیانەوێ بچن بەڕێوە و تاریكی بەرچاویانی گرتووە.

هەر پێوەست بەو بابەتەوە سامان عەلی، فەرمانبەر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لە یاسای بودجە بەغدا پابەندی ریككەوتن نابێت، مووچەی فەرمانبەری كوردستان نادات، ئەی بۆچی وەك فەرمانبەرانی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناكەن؟، ئەی ئەوانەی تر بۆ ناچن بە سیاسەتی خۆیان مووچە بێنن؟، خۆ دەیانگوت كێشەی مووچە چارەسەر بوو، بەڵام لە راستیدا ئەوان كاریان كرد بۆ ئەوی كێشەی مووچە دروستبێت، كە وەك دروشم دەیانگوت بەغدا بەغدا، فەرموو ئەوە بەغداكەیان، نەك هەر مووچەی دواخست وا پارەی بەشێكیشی نەناردووە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت