چاودێرێكی سیاسی: یەكێتی پێچەوانەی خواستی هاووڵاتییان كار دەكا و هیچ ئینتیمایەكی نیشتمانی و نەتەوەیی نەماوە

:: PM:10:23:23/03/2024 ‌
 
چاودێر و شارەزایان باس لەوە دەكەن كە یەكێتی دەیەوێت ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستان تێك بدات و كار بۆ دروستكردنی ئاژاوە دەكات، دەیەوێ بە مەرام و بەرژەوەندییەكانی خۆی بگات، ئەوان دەڵێن هەر حزبێك لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی میللەت نەبوو، بە سزای خۆی دەگات، یەكێتی ئەوەی كاری بۆ نەكات بەرژەوەندیی گشتیی كوردستانە و تەنیا كار بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆی دەكات، دەستیش لەگەڵ نەیار و دوژمنانی كوردستان تێكەڵ دەكات و كاری بووەتە دژایەتیكردنی حكوومەت.

نەژاد مەحموود، رۆشنبیر و نووسەری سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، سەردەمێك تەنیا پارتی لە مەیدانی كوردستان هەبوو، بۆ خۆی كارەكانی دەكرد و داوای مافەكانی خەڵكی كوردستانی كردووە و هیچ لایەنێكی تر بوونی نەبووە، ئێستە لە ماوەی 30 ساڵی تەمەنی حكوومەتی هەرێم، ململانێ لە نێوان لایەنەكان هەیە و بەهۆیەوە گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە، ئەوانەی پابەند نین بە رێككەوتنەكان، كاریگەریی خراپیان لەسەر خەڵكی كوردستان دروست كردووە، كاركردن بۆ بەرژەوەندیی گشتیی ئەركی سەرەكیی هەر حزبێكە، بەڵام نەوەی ئێستەی یەكێتی بەپێچەوانەوە كار دەكەن.

هەروەها گوتی، زۆنی سەوز كە لەژێر دەسەڵاتی لایەنێكە، زۆر گرنگی بە خەڵك نادرێت و خزمەت ناكرێت و هیوایەكیان بۆ خەڵك نەچاندووە، كار بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەن، ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵك بێت كاری بۆ نەكردووە و بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە ‌بوون، یەكێتی ئەگەر داوای مافی خەڵك دەكات، بۆچی لەناو حكوومەتە ‌و دژی حكوومەت كار دەكات، لەو دوو ساڵەی كۆتایی زۆرترین دژایەتیی حكوومەتی كردووە، بەڕاستی یەكێتی هیچ سیاسەتێكی روونی نییە و هیچ بەرنامەیەكی وردی نییە، رۆشناییەكی نییە، بۆیە یەكێتی لە قەیراندایە و ئەو تەنیا دوای پارە كەوتووە و كاری بۆ ئەوە كردووە چۆن بەشێك بۆ خۆی بپچڕێنێت.

لای خۆیەوە هیوا رەشید، كادری پارتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، یەكێتی دەیەوێ حكوومەتی هەرێم دەستبەستراو بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی، ئەوەی یەكێتی دەیكات بەشێكی زۆری بۆ كێشە ناوخۆییەكانی ناو حزبەكە دەگەڕێتەوە، پێیان وایە ئەوەی لەناو یەكێتی بۆیان دەچێتە سەر لە تەسفیەكردنی سیاسی و پاكتاوكردنی یەكتر، لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداش هەمان شتیان بۆ دەچێتە سەر، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان ئەوە بزانن كە ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ئابووری لە كوردستان دەبێت.

زیاتر گوتی، هەمووشی هی ئەوەیە كە یەكێتی دۆخی خراپە و دەیەوێ دۆخی هەرێمی كوردستانیش تێك بدات و ناسەقامگیری دروست بكات و ناوچەكە نائارام بێت، بەڵام خەڵكی كوردستان وشیارە و دەزانێت چ لایەنێك حزبی نەتەوەیی و نیشتمانییە بەرگری لە مافەكانی خەڵك دەكات و بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاوە و كێشە كە دژی مافی خەڵك و بەرژەوەندی خۆی لە پێشترە و حزبی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە.

هەر پێوەست بەو بابەتە هەڵۆ سەمین، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، میللەتی كورد هەمیشە چاوی لە دەستی حزبەكان بووە بۆ ئەوەی شەڕی مافەكانیان بكەن و بەرگریش لە دەستكەوتەكان بكەن، یەكێتی ئەو حزبەیە كە پێچەوانەی خواست و داواكاریی هاووڵاتییان كار دەكات.

دووپاتی كردەوە، هیچ ئینتیمایەكی نیشتمانی و نەتەوەیی بەو حزبەوە نەماوە، هەمووی بووە بە دژایەتی و لە دژوەستانەوەی كوردستان، لە كوێ بەرژەوەندیی هەبوو، لەوێ كار دەكات، ئەگەر حزبێك ئامادەیی تێدا نەبێت كار بۆ ئەو بەرژەوەندییە بكات، ئەوە بزانە بەرژەوەندیی خۆی تێدا نییە، حزبێكیش ئەمە سیاسەتی بێت، بەدڵنیاییەوە میللەت سزای دەدات لە رۆژی خۆی، هیچ حزبێك ناتوانێت بەرانبەر ئیرادەی گەل بوەستێتەوە و خۆشی بە بەهێز بزانێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت