كەشناسی: كەشوهەوا ساردتر دەبێت

:: AM:10:17:25/03/2024 ‌
كەشناسیی هەرێمی كوردستان پێشبینیی خۆی بۆ كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، پلەكانی گەرمی روو لە دابەزینی زیاتر دەكەن و سبەی ئەگەری بارینی بەفر لە ناوچە چیاییەكان هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئادار، لە راگەیەنراوێكی كەشناسیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران لە كاتەكانی بەیانی تا دوای نیوەڕۆ لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، هەروەها بەفرێكی كەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكاندا، بۆ ئێوارە ئاسمان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت. 

باس لەوەش كراوە، پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە (2 – 5) پلە لە ناوچە جیاجیاكاندا بەراورد بە تۆماركراوەكانی دوێنێ . 

بۆ سبەی كەشناسی رای گەیاندووە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمەباران سەرەتا لە ناوچەكانی بادینان دەست پێ دەكات، پاشان زۆربەی ناوچەكانی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە، هەروەها بەفرێكی كەمیش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی باكور و رۆژهەڵات دەبارێت، پاشان كەش لە كاتەكانی شەودا سەقامگیر دەبێتەوە.

كەشناسی روونی كردووەتەوە، لە كاتەكانی بەرەبەیانی رۆژ چوارشەم، ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك، پلەكانی گەرما نزمبوونەوەیەكی كەم (2 – 3) پلە بەتایبەت لە ناوچەكانی بادینان و ناوچە شاخاوییەكاندا، بە بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ دەبێت. 
 
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی
  هەولێر : 15 
   سلێمانی :13
دهۆك :   11
 زاخۆ  : 10
هەڵەبجە : 13
كەركووك : 18
سۆران : نۆ
حاجی ئۆمەران : دوو
گەرمیان : 17



وشە - رامیار جەواد