هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی بزاوە تیرۆریستییەكان تا چەند رژدە؟

:: PM:08:27:25/03/2024 ‌

لە ماوەی چەند مانگی دوایی، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە چەن شوێنێكی دنیا هێرش و چالاكیی ئەنجام دا، لە ئەفریقیا لە چەند وڵاتێك، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كودەتای سەربازییان ئەنجام دا و داوای چوونەدەرەوەی هێزی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریكایان كرد، ئێستە مەترسیی گەورەی سەرهەڵدانەوەی داعشیان لەسەرە، لە رووسیا و ئەفغانستان و ئێران و هیتریش ئەو مەترسییە هەیە، بەڵام مەترسییەكان تا چەند رژدن؟

ئێستە لە سووریا لە سایەی دۆخی شەڕ و فرەهێزی و بەرەكانی جەنگ و ناوچەكانی دەسەڵاتی كارەكتەركان، بوارێكی باش بۆ داعش رەخساوە خۆی بسەلمێنێت، بەتایبەتی بەهۆی مانەوەی كەمپی هۆل، كە وەك گرتووخانەیەكی نێودەوڵەتیی خێزانەكانی داعشە و كەس وەریان ناگرێتەوە، وەك زبڵدانێكی تیرۆری لێ هاتووە و هیچ چارەسەرێكی نییە، وەك بۆمبێكی چێنراو وایە و نەوەكانی دووەمی داعشی تیادا گەشە دەكەن، جیا لە هەزاران سەركردە و ئەندامی داعش كە لە گرتووخانەكانی سووریان و چاویان لە یاخیبوون و هەلێكە بۆ هەڵاتن.

لەوگاتەی عێراق بە بەردەوام چاوێكی لەسەر كەمپی هۆڵ و گرتووخانەكانی داعشە لە سووریا، خەریكی توندكرنی سنوورەكان و هێنانەوەی خێزانە عێراقییەكانی داعشە، بۆ هێشتنەوەیان لەژێر كۆنترۆڵی توندی خۆی، چونكە گەرەنتی نییە كە لە سووریا بەشێوەیەكی تر دزە نەكەنە ناو عێراق، بەڵام بۆ ئەنجامدانی چالاكی نەك وەك گیراوێك لە كەمپەكانی وەك جەدعە لە نەینەوا.

دوێنێ یەكشەم هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە"، كە ئەركی پاراستنی كەمپی هۆڵ و گرتووخانەكانی چەكدارانی داعشی بەدەستە، لە بەیاننامەیەك كوشتنی سەمیر خزر شەریف شێحان، بەرپرسی گەیاندنی پاڵپشتی بە شانەكانی داعشی لە شاری رەقە لە سووریا راگەیاند، كە كەسێكی عێراقییە، ئەوەش بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش.

لە سەرەتای ئەم مانگەش نۆ ئەندامی داعش لە دەشتایی باكوری پارێزگای دێرزوور لە سووریا لەلایەن هێزێكی هاوبەشی هەسەدە و هاوپەیمانان گیران، جیا لەوانە و لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا، هێرش و چالاكییەكانی داعش بەردەوامە، دوێنی لە هێرشێكی چەكداری بۆ سەر ژمارەیەك هاووڵاتی كە خەریكی كۆكردنەوەی دۆمەڵان بوون لە دەشتەكانی باشووری شاری رەقە، 20 كەس كوژران، جیا لە ژمارەیەك رفێنراو.

هەر دوێنێ لە ئەنجامی یاخیبوونێكی گیراوان لای هەسەدە، 15 كەس كوژران و بریندار بوون، كاتێك ژمارەیەك گیراوی مادەی هۆشبەر یاخی بوون و بەو هۆیەوە پێنج كەس كوژران و 10ی تریش بریندار بوون، واتە لە گیراوان و هێزە تەناهییەكانی هەسەدە، تا ئێستەش دیار نییە گیراوەكان چۆن چەكیان دەست كەوتووە. 

دوای ئەوەی شەوی هەینیی رابردوو ژمارەیەك چەكدار هەڵیان كوتایە سەر هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە باكوری مۆسكۆ و نزیكەی 137 كەسیان كوشت و 140ی تریشیان بریندار كرد و داعش بەرپرسیاریەتیی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت، ئەمڕۆ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، هێرشە تیرۆریستییەكەی مۆسكۆ پێمان دەڵێت كە تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و پێویستە هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەرێمی لە نێوان حكوومەت و وڵاتاندا بۆ كۆتاهێنان بە تیرۆر بەردەوام بێت.

دوێنێ یەكشەم ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە دیدارێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، گوتی، راستە تواناكانی داعش زۆر كەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا داعش لە عێراق هەڕەشەیە، بۆیە وەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاری سەرەكیمان تەواو نەبووە و دەمانەوێ لەوە دڵنیا ببینەوە كە هێزەكانی عێراق دەتوانن سەركەوتنێكی بەردەوام بەسەر داعش بەدەست بێنن.

روونی كردەوە، بۆیە ئەمەریكا و عێراق هاوبەشن لە پابەندبوون بە مسۆگەركردنی سەركەوتنێكی بەردەوام بەسەر داعش، ئەوەش لە رێگەی كاری هاوبەش بۆ پێكهێنانی هاوپەیەشییەكی تەناهیی دووقۆڵی بەهێز لە داهاتوودا.

شایەنی باسە چاودێران پێیان وایە بنەماكانی مانەوەی داعش هەر ماوە، راستە داعش زیانێكی گەورەی سەربازی بەر كەوتووە، سەركردە و فەرماندە مەیدانییەكانی كوژراون یان لە زیندانەكانی سووریا و عێراقن، بەڵام چەندان هۆكار هەن كە بوونەتە هۆی هێشتنەوەیان، لەوانە ئەو ململانێ نێودەوڵەتییەی لە چەند ناوچەیەكی دنیا هەیە، وەك لە عێراق و سووریا و ئێران و پاكستان و ئەفغانستان و یەكەن و هیتریش، لەلایەن وڵاتان بۆ مەبەستی خۆیان دێنە بەكارهێنان، لەپاڵ ململانێی مەزەوی و تەنانەت لەناو خودی بزاوە توندڕۆ ئاینییەكانیش، جیا لەو ژینگە لەبارەی بەهۆی بێكاری و خراپیی دۆخی ئابووری لە چەند ناوچەیەك هەن، وەك لە ئەفریقیا، ئەوە و مانەوەی كەمپی هۆڵ و زیندانەكانی داعش لە سووریا، هەموو ئەوانە وا دەكەن، جیا لە خۆیان، چەكدارانی داعش وەك چەكی هەندێك وڵات بن، وەك بەرجەستەكردنی ئەو گوتەیەی "ئەگەر لە یارییەكە بەشدار نەبم، دەتوانن تێكی بدەم".



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل