سیاسەتوانێك وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئاشكرا دەكات

:: PM:09:01:25/03/2024 ‌

لە تشرینی یەكەمی 2022، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یەكەم كۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆی ئاماژەی بۆ چەند بابەتێكی گرنگ كرد، ئەو چەندان بەڵێنی دا و گوتی، حكوومەتەكەی ئامادەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ساز بكات، ئەگەر بەپێی رێككەوتنی سیاسی پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات، سیاسەتوانێكی عێراق ئاماژە دەكات كە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كۆتای ئەمساڵ یان لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ساز دەكرێت.

عەدنان زورفی، ئەمینداری گشتیی بزاوی وەفا لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كۆتای ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داتهاتوو وەك دوورترین ماوە ئەنجام دەدرێت، ئەو بابەتەش بڕاوەتەوە و مایەی گفتوگۆكردن نییە، ئەو دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە نەكرێت، لە عێراق رووبەڕووبوونەوە و شەڕێكی ناوخۆیی روودەدات، ئاشكرای كرد كە ساڵێكە بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە دەزانێت.

زورفی ئاماژەی كرد كە رەوتی سەدر خواستی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی داهاتوو هەیە، بەڵام پێوەندیی سەدر و مالیكی رۆڵی سەرەكی لە چۆنیەتی قۆناغی داهاتوو دەبێت، بۆیە ئەگەر سەدر و مالیكی و بارزانی و لایەنێكی سوننە كۆببنەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی حكوومەتێكی زۆرینە.

ئەمینداری گشتیی بزاوی وەفا ئاماژەی كرد، موقتەدا سەدر لە 2021 بەهۆی گوشاری سەختی هەرێمییەوە، واتە ئێران، نەیتوانی حكوومەتی زۆرینەی پێكبێنێت، ئاشكرای كرد كە مانەوەی دۆخی سیاسی بەو شێوەیە، عێراق دەخاتە ناو تەنگژەیەكی قووڵی تەناهییەوە، حكوومەتی سوودانی لە ئەنجامی سازانی كاتیی وڵاتانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، وەك ئاماژە بۆ ئێران و ئەمەریكا پێكهات، بەڵام توانای چارەسەركردنی كێشەكانی سیستمی سیاسی نییە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بە یەكگرتوویی نامێنێتەوە و بەهۆی كێشەكانی لێك دەترازێت.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل