رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بۆ بازرگانان حەواڵە دەكرێت

:: AM:10:54:26/03/2024 ‌
جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق دەڵێت، لە ماوەی ساڵێكدا حەواڵەی دەرەكی 300٪ زیاد بووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار لە رۆژێكدا. دەشڵێت، سزاكانی ئەمەریكا كاریگەریی لەسەر حەواڵە و نرخی دینار نەبووە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئادار، عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا رای گەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە كەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەكرا، بەڵام ئێستە رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەكرێت.

 بەگوتەی عەمار خەڵەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئێستە رێژەی حەواڵەی دەرەكی 300٪ زیاد بووە.

 خەلەف ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمە رەنگدانەوەی وەڵامی بانكی ناوەندییە بۆ داواكارییەكانی بازرگانان و هاووڵاتییانی عێراقی كە پێویستیان بە دراوی بیانی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی مامەڵە دەرەكییەكانیان.

 وەك جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دەڵێت، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق، ئێستە بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و پێشبینیش دەكەن ئەمساڵ زیاتر ببێت.


وشە - رامیار جەواد