سیستەمی "سویفت" دراوە دیجیتاڵییەکانی بانکە ناوەندییەکان پێکەوە دەبەستێت

:: PM:05:22:26/03/2024 ‌
لە 12 بۆ 24 مانگی داهاتوو سیستمی ئابووریی جیهانی ''سویفت'' دراوە دیجیتاڵییەکانی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتان دەبەستێتەوە بە سیستمی دارایی جیهانییەوە. 

ئاژانسی ''ڕۆیتەرز'' ئاشکرای کردووە، هەنگاوەکەی سویفت بۆ پێکەوەلکاندنی بانکە ناوەندییەکان و دراوە ئەلکترۆنییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی ئارەزووەکان بۆ دراوی دیجیتاڵی و کۆتایی هێنان بە هەژموونی پارە بە شێوازی کاش و شێوازە تەقلیدییەکەی. 

ئێستە %90ی بانکە ناوەندییەکان دراوی دیجیتاڵییان دامەزراندووە و لە ئەگەری پێکەوەبەستنی ئەو دراوە دیجیتاڵییانە بە یەکترییەوە، ئەوا دراوی دیجیتاڵی شوێن بە دراوی ئاسایی لەق دەکات، ئامانجی سویفت لەم کارە بریتییە لە ڕایی کردنی کارە بازرگانییەکانی نێوان دوو دەوڵەت یان دوو کۆمپانیای گەورە لە ڕێگەی تەنیا یەک کلیکەوە، بەبێ ئەوەی گواستنەوەی پارە لە ڕاژەی دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر چەند ڕۆژێک بخایەنێت. 

سەرەڕای چەند ئاستەنگییەک و ئامادە نەبوونی چەند بانکێکی ناوەندی، بەڵام سیستمی جیهانی سویفت سوورە لەسەر بەرەوپێشبردنی کارەکانی لە 12 بۆ 24ى مانگی داهاتوو بۆ بە دیجیتاڵکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان وڵاتان و خێراکردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.


وشە - ئارا هێمن