چەواشەكاری تەقلەی بە مەلاش لێ دا

:: AM:11:32:27/03/2024 ‌
بۆ ئەوەی كوردستان ببێت بە ناوەندێك كە تێیدا مامەڵە بە پارەی كاش نەمێنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە بەدیجیتاڵكردنی پرۆسەی مووچەدان بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن مووچەخۆر، ئەمەش كەوتەبەر پەلاماردان و شێواندن، بەجۆرێك سەتان كەس بە بەرنامە لێی هان دران و راگەیاندنەكانی لەبارەوە لێ پڕ كرا.

ئامانج لەم دەستپێشخەرییە، ڕێكخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی، دابینكردنی كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سوودمەندان، لەوانەش هەژماری پاشەكەوتكردن.

هەژماری من هێشتا لە سەرەتای پرۆسەكەدا بوو و هێشتا دەرفەت نەڕەخسابوو ڕوونكردنەوە لەسەر ناوەڕۆكی بدرێت، كەوتە ناو ململانێی سیاسی، بەمەش هێزەكانی تر بەهاوكاریی بەشێك لە هێزە سەرەكییەكانی شیعە، خۆیان بۆ رێكخست تا ئەو جێیەی توانیان پڕۆژەكەیان بەشێواوی خستە بەردەمی خەڵكەوە.

ئەم چەواشەكارییانە گەیشتنە ناو مامۆستایانی ئاینیش، لە گوتاری هەینیدا بەئاشكرا دژی وەستانەوە، زۆرترین زانیاریی هەڵەیان بەخەڵكی كوردستان دا، لەناویاندا گوتاری مامۆستا تاهیر كەلەباشی گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی پیرەمەگروون، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.

ئەم مامۆستا ئاینییە بێ ئەوەی هیچ لە بیركاری بزانێت، جگە لەوەی هیچ شارەزایی كاروباری بانكی نییە، لە خۆڕا ژمارە فڕێ دەدات و قسەی گشتی دەكات. تەنانەت كەوتووەتە ژێر كاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەڵێت، وەك لە فەیسبووك و تۆڕەكانی تر و خەڵك باس دەكەن، لە گیرفانی خەڵكەوە ساڵانە 33 ملیار دۆلار بۆ خاوەنەكانی هەژماری من دەچێت.

ئەوە لە كاتێكدایە كۆی پارەی مانگانەی مووچەخۆرانی كوردستان 700 ملیۆن دۆلارە، بۆ ساڵێك دەكاتە هەشت ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، كەوایە ئەگەر هەموو مووچەی مووچەخۆران كە دەخرێتە ناو هەژماری من، حكوومەت نەیداتە كەس كە كۆی گشتیی ئەو پارەیە هەشت ملیار و 400 هەزارە، نەك 33 ملیار دۆلار وەك مامۆستا دەڵێت.

وەزیری دارایی حكوومەتی كوردستان پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو، هەژماری من پڕۆژەیەكی ستراتیجیی بانكییە و خزمەتی زۆری كەرتی دارایی و بانكی لە كوردستان دەكات، ئەو پڕۆژەیە بەهەوڵی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كوردستان، توانرا بەغدا ڕازی بكات وەك بەشێك لە سیستمی پارەداركردن قبووڵ بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز