عێراق گرێبەستێكی پێنجساڵەی كڕینی غاز لەگەڵ ئێران واژوو دەكات

:: PM:05:06:27/03/2024 ‌

تەنگژەی كەمیی كارەبا لە عێراق، قووڵە و هەموو ساڵێك ناڕەزایەتیی خەڵك لە ناوەڕاست و باشوور بەو هۆیەوە سەرهەڵدەدات، ئەو تەنگژە وەك هەموو تەنگژەكانیتر بەهۆی گەندەڵی و زاڵبوونی بڕیار و بەرژەوەندی دەرەكی بەسەر نیشتمانی لە عێراق هەیە، عێراق خاوەن نەوت و غازێكی زۆرە، كەچی ناتوانێت سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبای دابین بكات، بۆیەش گرێبەستێكی پێنجساڵەی كرینی غاز لەگەڵ ئێران واژوو دەكات.

وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی كارەبای عێراق هاتووە، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری كارەبا گرێبەستێكی پێنجساڵەی بۆ كڕینی غاز لەگەڵ كۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران واژوو كردووە، كە رۆژانە بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز بۆ عێراق دابین بكات، بەپێی پێویستیی سیستمی كارەبا، ئەوەش تا كاتی كیڵگەكانی غازی عێراق دەتوانن پێویستیی ناوخۆیی پڕ بكەنەوە.

بە دداننانی بەرپرسانی عێراق وەزارەتی كاربا زیاترین پارەی لە بودجەكانی عێراق بۆ دابین كراوە، كەچی تا ئێستە نەتوانراوە تۆڕێكی نوێ و بێ كێشەی كارەبا لە رووی دابینكردنی سووتەمەنی و چاككردنەوە دابین بكرێت، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئەو دۆخەی هەیە، بەهۆی گەندەڵی ناو گرێبەستەكانی كارەبا و بوونی بەرژەوەندیی ئێران لە فرۆشتنی غازەكەی، جیا لەو كارەبایەی دەیفرۆشێتە عێراق، هەروەها بەرژەوەندیی هەندێك لە كۆمپانیا دەرەكییەكان و كڕینی كارەبا لە وڵاتانی تری وەك سعوودیە و ئوردن و توركیا هاتووەتە كایەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل