"هەڵوێستەكانی پارتی هەموو شتێكیان گۆڕی و وایان لە بەغدا كرد كێشەكان چارەسەر بكات"

:: PM:09:45:03/04/2024 ‌

لە بەرانبەر ئەو هەموو گوشارانەی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ بە دەستی‌ ناوخۆیی‌ و دەرەكی‌ دژی‌ هەرێمی‌ كوردستان دروستی‌ كردبوو، هاوكات دیزاینكردنی‌ هەڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان و بڕینی‌ قووتی‌ خەڵك‌، پارتی‌ لە بەیاننامەیەكدا ستۆپی‌ بە دادگاكە و لایەنەكانی‌ پشتی‌ كرد، لەوكاتەی بەرانبەر بەو ستەمەی‌ دادگای‌ فیدراڵی و بەغدا هیچ لایەنێكی تر خۆی نەدەكردە خاوەنی‌ خەڵكی‌ كوردستان، بۆیە پێویست بوو پارتی‌ وەك هەمیشە بێتەوە ناو دۆخەكە.

پارتی‌ كە مەرجی‌ بۆ هەڵبژاردن هەیە و دەیەوێ‌ بە پیلانی‌ پێشوەختە نەبێت، ئەگینا بەشداری‌ لە پرۆسەكە ناكات، دۆخەكەی‌ بە تەواوی‌ هەڵگێڕایەوە، بۆیە ئەو خۆتوندكردنەی‌ پارتی‌ هۆكاری‌ سەرەكی‌ بوو كە نەیاران سازش بكەن و بەغدا مووچەی‌ خەڵكی‌ كوردستان بنێرێ‌ و كۆتایی بەو دۆخە بێنێت كە هەر خۆی دروستی كردبوو، ئەوانەشی كە دەیانویست بەغدا كێشە دروست بكات، هیچیان بۆ نەمایە و ناتوانن چیتر موزایەدە و چەواشەكاری بكەن.

نەجوا كاكەیی، ئەندامی پەرلەمان عێراق بە "وشە"ی گوت، پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم لەپێناو كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان كاری كردووە، ئامانجی ئەوە بوو دەستكەوتەكان بپارێزێت و بەرگری لە مافەكانی خەڵكی هەرێم بكات، كار بۆ ئەوە بكات كە رێگە نەدات هیچ كەس و لایەنێك ستەم لە خەڵك بكا و هەرێمی كوردستانیش وەك قەوارە پارێزراو بێت، ئەو كارەش بە حزبی نەتەوەیی دەكرێت كە پارتییە و هەردەم رێگەچارەی بۆ چارەسەری كێشەكان هەیە.

روونی كردەوە، لە ماوەی زیاتر لە 10 مانگی رابردوو، بەغدا بە بەردەوام ستەمی لە هەرێمی كوردستان دەكرد و كێشەی دروست دەكرد و مووچەی فەرمانبەرانی بە سیاسی كردبوو، هەموو مانگێك مووچەی فەرمانبەرانی دوا دەخست و نەیدەنارد، كەچی هەڵوێستەكانی پارتی هەموو شتێكیان گۆڕی و بەغدایان وا لێ كرد كێشەكان چارەسەر بكات.

لای خۆیەوە حەسەن مارف، مامۆستا لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان سیاسەت و بەرنامەیەكی نەگۆڕ و جیاوازی هەیە، هەردەم بەو شێوەیە كاری كردووە و ئەو ئاراستەی گرتووە و بەردەوامە لەسەری، لایەنی نەتەوەیی بەبێ ئەوەی بیر لە دەستكەوت و بەرژەوەندیی حزبی بكاتەوە، بەڵكو هەمیشە كار بۆ بەرژەوەندی میللەت دەكات و لە كوێ مافی میللەت هەبێت پارتی لەوێیە و بەرگری لێ دەكات، بۆیە ئامانجی پارتی ئەوەیە بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان و هەرێم بكات و ئەو دەستكەوتانەش بپارێزێت كە لە ماوەی رابردوو بەدەست هاتوون، ئەمە جیاواز لە هەندێ بەناو حزب و كەس.

روونی كردەوە، گوشارەكانی پارتی و پێداگریی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان، بەغدای ناچار بەوە كرد كە كێشەكان چارەسەر بكات، چەندین مانگە بەغدا بەردەوام كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات و بەتەواوی دژایەتیی هەرێمی دەكرد، هەرچەند لە سەرەتاوە پارتی داوای دەكرد كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام بەردەوام بەغدا وای كرد پارتی هەڵوێستی جیاوازی هەبێت لەپێناو ئەوەی خەڵك و فەرمانبەرانی هەرێم هێندە لەلایەن بەغداوە نەچەوسێنرێنەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەغدا كێشەكان چارەسەر بكات، دووپاتی دەكاتەوە كە سەرۆكی حكوومەت هەمیشە لەپێناو میللەت هەموو شتێكی كردووە.

پێوەست بەو بابەتە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، گوشارەكانی پارتی و هەڵوێستەكانی بەرانبەر بە دادگای فیدراڵی و هەڵپەساردن و بەشدارینەكردن لەو هەڵبژاردنەی كە لایەنی دەرەكی دیزاینی دەكات، بەغدا ناچار بەوە كرد كە هەڵوێست و سیاسەتەكانی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بگۆڕێت، سەرۆكی حكوومەتیش بەردەوام دەیگوت، بەغدا دەبێت كۆتایی بەو سیاسەتە بێنێت و ئەوەندی خەڵكی هەرێم نەچەوسێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان رای‌ گەیاند، دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر، بە هاوكاریی هەردوو تیمی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توانرا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.

زیاتر گوتی، سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەكەم كە هاوكار بوون تا پێكەوە بتوانین بە سەر ئەو كۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین، دووپاتی‌ كردەوە كە لە ماوەی رابردوو هەوڵی زۆر دراوە كە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بكرێن، بۆیە جارێكی تریش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەكەم، لەم دوو رۆژەدا دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات كۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداریش بكرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل