میلیشیاكان بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی رێنوێنی و وەڵامدانەوەی ئێرانن

:: PM:08:19:04/04/2024 ‌

دوای كوژرانی چەند سەربازێكی ئەمەریكا لە ئوردن و كوشتنی ژمارەیەك فەرماندەی مەیدانییان لەلایەن ئەمەریكاوە، میلیشیا شیعەكانی عێراق بە فەرمانی ئێران ئاگربەستیان راگەیاند، بەم دواییەش دوای كوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە سووریا و لبنان، ئێران بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی دا، رەنگە میلیشیاكانی عێراق بەشێك بن لە ئامرازی تۆڵەكردنەوەكە، بۆیە ئەوان نیگەرانن، چونكە ئەگەری هەیە دوای سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن، گەڕێكی تری ئاڵۆزییەكان دەست پێ بكاتەوە.

دوای هێرشەكەی دووشەمی رابردووی دیمەشق، میلیشیا شیعەكانی عێراق سەركۆنەی هێرشەكەیان كرد، كەچی تا ئێستە هیچ كاردانەوەیەكیان بەرانبەر بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق نەبووە، بۆیە چاودێران پێیان وایە ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ ئەمەریكایان راگەیاندووە بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی كە لە لە 15ی ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن دەكات.

دوای هێرشەكەی دیمەشق و كوژرانی حەوت فەرماندە و راوێژكاری سوپای پاسدارانی ئێران، میلیشیا شیعەكان سەركۆنەی هێرشەكەیان كرد و دەستیان بە هەڕەشەكردن لە ئەمەریكا كردەوە، بەڵام دوای ئەوە بێدەنگ بوون، سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بەدووری زانی لەم قۆناغەدا میلیشیاكان دەست بۆ هێرشكردنە سەر ئەمەریكا ببەن، ئەگەر هەڕەشە بكەن و باسی تۆڵەنكردنەوەشیان كردبێت.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەوەی میلیشیاكان لە قۆناغی ئێستە لێی دەترسن ئەمەریكا و ئیسرائیل بەتوندی وەڵامیان بدەنەوە، ئەوەش هۆكاری سەرەكییە كە وای كردووە لە ئاگربەستەی رایان گەیاندووە بەردەوام بن، لای خۆیەوە نزار حەیدەر، توێژەر دەڵێت، ئێران بە رژدی بیر لە تۆڵەكردنەوە لە هێرشەكەی دیمەشق دەكاتەوە، چونكە هێرشەكە ئازاری زۆری پێ گەیاند و لە چەندان بوارێك كاری تێ كرد.  

روونی كردەوە، بەڵام تاران بوێری ئەوە ناكات لەناو خاكی خۆیەوە قووڵایی خاكی ئیسرائیل بۆردمان بكات، چونكە دەترسێت ئیسرائیل قووڵایی خاكەكەی بكاتە ئامانج، بۆیە هەوڵی تۆڵەكردنەوەیەكی ناراستەوخۆ لە رێگەی میلیشیاكانی لە ناوچەكە دەداتەوە، لەوانەش لە رێگەی ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە بەرگریی ئیسلامی لە عێراق.

حەیدەر پێی وایە ئەو گرووپە تەكتیكێكی نوێ بەكار دێنن لە رێگەی بۆردمانی راستەوخۆی خاكی ئیسرائیل و دووركەوتنەوە لە بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا، وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشەكەی هەفتەی رابردووی شاری ئیلات كە گرووپەكە بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی راگەیاند، بۆیە ئەو تەكتیكە بەردەوام دەبێت، بەلایەنی كەم تا كۆتاهاتنی سەردانی سوودانی بۆ واشنتن، بەتایبەتی كە ئەمەریكا بە ئێرانی راگەیاند كە زانیاری بە هێرشەكەی دیمەشق نەبووە و پێوەندیشی پێوە نییە، وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە تێكچوونی ئەو ئاگربەستەی لە نێوان حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان هەیە بە وەستانی هێرشەكانیان بۆ سەر ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە.

ئەو توێژەرە وریایی لەوە دا كە میلیشیاكان راستەوخۆ ئیسرائیل بكەنە ئامانج، كە پاساو بە ئیسرائیل دەدات بۆ لێدانی عێراق و كردنی بە هاوشێوەی سووریا وەك گۆڕەپانێك بۆ هێرشەكانی، كە لە 7ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە بەردەوامە.  

لای خۆیەوە كیفاح مەحموود، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك بارزانی بەدووری نازانێت جارێكی تر هەولێر ببێتە ئامانجی ئەو موزایەدانە، میلیشیاكان جارێكی تر بۆردمانی بكەن و لە ئێستەوە پاساو بۆ كارێكی لەوشێوەیە دروست بكەن، ئەو لای سەیر نییە كە میلیشیاكان دەبەنگییەكی لەو جۆرە بكەن.

مەحموود نموونەی هێنایەوە كە كاتێك شارەكانی ئێران پڕ بوون لە خۆپێشاندانی گەلانی ئەو وڵاتە و داوای رووخانی رژێمیان كرد، ئەوان 12 مووشەكی بالیستییان گرتە خانووی كارسازێكی كورد لە هەولێر و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە ناوەندێكی مۆسادە، ئێستەش ئەگەرچی ئەمەریكییەكان توانیان دوای هێرش گوشاریان بخەنە سەر، بەڵام هێشتا پێشبینی دەكرێت سەركێشییەكی لەو جۆرە بە هاوئاهەنگی سوپای پاسداران ئەنجام بدەن، ئەوەش بۆ سووككردنی ئەو گوشارەی سەریان، كە بەهۆی هێرشەكەی ئیسرائیل لە دیمەشق دروست بووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل