"هەر لایەنێك داوای مافی خەڵك بكات دەبێت لەگەڵ شاندی حكوومەت بچێت و خۆی جیا نەكاتەوە"

:: PM:10:26:04/04/2024 ‌

هاووڵاتی و چاودێران باس لەوە دەكەن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر شتێك بۆ خەڵك و میللەت بكات بەبێ ئامانج و مەبەست دەیكات و تەنیا ئامانجی خزمەتكردنی خەڵكە، بە پێچەوانەوە حزب دەستی بۆ هەر كارێك برد بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی و ئامانج لێی موزایەدە و بەرژەوەندخوازییە، حزب هەیە چەواشەكاری لە دوای چەواشەكاری دەكات، كەچی تا ئێستە نەیتوانیوە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان تەنیا كاری باش بكات.

لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی ئەوەی دا كە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكات و چەندینجار راستەوخۆ داوای كردووە بەغدا بەپێی دەستوور كێشەكانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكات، بەڵام باسی لەوەش كردووە كە رێگە نادەن بەغدا یاری بە مافی خەڵكی كوردستان بكات، بۆیە كارەكانی حكوومەت لەپێناو گەڕاندنەوەی مافی خەڵك بووە، ئامانج لێیان خزمەتكردن و بەرژەوەندیی گشتی بووە.

لەوبارەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، میللەتی كورد هەمیشە چاوی لە دەستی حزبەكان بووە بۆ ئەوەی شەڕی مافەكانی بكەن و بەرگری لە دەستكەوتەكانی بكەن، هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی چەندین ساڵە لەسەر دەستی بەغدا ستەمی لێ دەكرێت و مافی نادرێ و سەرپێچیی دەستوورییان بەرانبەر دەكرێت، بەغدا ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆی بێت لە دەستوور كاری لەسەر دەكات، ئەوەشی لە بەرژەوەندیی نەبێت پێشێلی دەكات.

زیاتر گوتی، لە بەرانبەر ئەوە میللەت پێویستی بەوە هەیە حزبەكان كار بۆ بەرژەوەندی خەڵك بكەن، ئەگەر حزبێك ئامادەیی تیا نەبێت كار بۆ ئەو بەرژەوەندییە بكات، ئەوە بزانە بەرژەوەندیی خۆی تیادا نییە، حزبێكیش ئەمە سیاسەتی بێ بە دڵنیاییەوە میللەت سزای دەدات لە رۆژی خۆی، هیچ حزبێك ناتوانێت بەرانبەر ئیرادەی گەل بوەسێتەوە و خۆشی بە بەهێز بزانێت.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی كردەوە، حزب دەبێ خزمەتی خەڵك بكات نەك لەسەر حیسابی خەڵك خزمەتی خۆی بكات، هەر حزبێك نەیتوانیبێت دڵی خەڵك رازی بكات و لە ئاست داواكاریی خەڵك بێت، ناتوانێ ببێتە پێشەوا و دەمڕاستی خەڵك، ئەوەی حكوومەت دەیكات ئەركی خۆیەتی و بۆ خزمەتكردنی خەڵكە، حزب دەست بۆ كارێك نابات ئەگەر بەرژەوەندی خۆی تیادا نەبێت، بۆیە حزب كاری بە خەڵك نییە هەتا مەرامی خۆی مابێت، لە نێوان كارەكانی حكوومەت بەرژەوەندیی خەڵك هەیە، بەڵام لە نێوان كارەكانی حزب بەرژەوەندی حزب هەیە و خەڵك تەنیا موزایەدەی بەسەروە دەكرێت.

لای خۆیەوە رێبین سالم، كادری پارتی بە "وشە"ی گوت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەوەی دەستكەوتی حزبی هەبێت، وەك هەمیشە بەرژەوەندیی خۆی پێش هەموو بەرژەوەندییەكانی تر خستووە، لە پرسی یاسای بودجە بە تەواوی ناپاكی لە حكوومەت كرد و حكوومەتی تووشی قورسایی كرد، هەوڵی دا هەموو دەستكەوت و مافە دەستورییەكان بداتە دەست بەغدا، بەڵام بۆی نەچووە سەر، هاووڵاتی و چاودێرانیش ئەو كارەی یەكێتی بە مەترسیدار باس دەكەن، پێیان وایە ئەو حزبە لە هەر كاتێدا بێت هەرێم رووبەڕووی مەترسی گەورە دەكاتەوە.

پێوەست بە بابەتەوە ئارام ئەحمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەمیشە و بە بەردەوام حكوومەت ئامانجی ئەوەیە داوای مافی خەڵكی كوردستان بكات، حكوومەت دەزانێت چی دەكات و بێ هیچ بەرژەوەندییەك كارەكانی خۆی دەكات، هەر لایەنێكیش مەبەستی بێت داوای مافی خەڵك بكات، دەبێت لەگەڵ ئەو شاندە بچێت و خۆی جیا نەكاتەوە.

دووپاتی كردەوە، ئەوانەی بەشدارن لەو شاندە لە چوارچێوەی حزب نییە، بەڵكو لە چوارچێوەیەكی نیشتمانییە، بۆ بەرژەوەندیی هەرێم بە هەموو پێكهاتە و چین و توێژەكانەوە، نوێنەرایەتیی نەتەوەكانی تریش دەكەن، ئەو دەستكەوتانەی كە لە بەغدا بەدەست دەهێنرێن، تەنیا بۆ لایەنێك نییە و بۆ هەموو خەڵكە بێ جیاوازی، بۆیە حكوومەت بە كارەكە هەڵدەسێت و سەرۆكی حكوومەت سەرپەرشتیی هەموو شتەكان دەكات، هەر شتێكیش سوودی هەبێت بۆ هەمووانە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل