بەتەمەنترین پیاوی دنیا هەفتانە یەك جار گۆشتی ماسی و پەتاتە دەخوات

:: PM:02:37:07/04/2024 ‌
دوای ئەوەی لەم مانگەدا بەتەمەنترین پیاوی دنیا لە تەمەنی 114 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ئێستە بەتەمەنترین پیاوی دنیا باس لەوە دەكات كە گەورەیی تەمەنی پێوەندیی بەوە هەیە كە لە ژیانیدا جگەرەی نەكێشاوە و زۆر بەكەمیش كحوول دەخواتەوە، هەفتانەیش گۆشتی ماسی و پەتاتە دەخوات.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی چەند رۆژێك بەرلە ئێستە خوان ڤیسینتی كە بەتەمەنترین پیاوی دنیا هەژمار دەكرا و ڤەنزوێلییە و لە تەمەنی 114 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ئێستە جۆن ئەلفرێد تینیسوود كە تەمەنی گەیشتووەتە 111 ساڵ، بەپێی كتێبی "گنیس" بە تەمەنترین پیاوی دنیا هەژمار دەكرێت.

لەبارەی گەورەیی تەمەنەكەی تینیسوود كە بەریتانییە دەڵێ، لە 26ی ئۆگستسی ساڵی 1012 لە دایك بووە، ئەوەیش دوای چەند مانگێك كە كەشتیی تایتانیك نقوم بوو. ئەو پیاوە هەردوو جەنگی جیهانیی یەكەم و دووەمی بینیوە، لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لە سوپای بەریتانیا سەرباز بووە.

لەبارەی جۆر و چۆنێتیی خواردنەكانی دەڵێت، ئەوەی كلیلی ژیانێكی تەندروستە، ئەوەیە لە ژیانیدا جگەرەی نەكێشاوە، كحوولیش زۆر بە كەمی دەخواتەوە، هاوكات خۆی بە سیستمێكی دیاریكراوی خۆراك نابەستێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە لەناو یەك هەفتەدا یەك رۆژ گۆشتی ماسی و پەتاتە دەخوات.

تینیسوود پێنجشەمی رابردوو بڕوانامەی كتێبی "گنیس" بۆ ژمارەی پێوانەیی لە خانەی چاودێریی بەساڵاچووان لە ساوتبۆرت وەرگرتووە كە ئێستە بە تەمەنترین پیاوی دنیا هەژمار كراوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د