ڤاتیکان نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن پاپاوە پشتڕاست کراوەتەوە و تێیدا گۆڕینی ڕەگەز و نادڵنیایی لە ڕەگەزی بنەڕەتی و وەچەخستنەوە لە ڕێگەی کەسی سێیەمەوە بە سووکایەتیکردن بە کەرامەتی مرۆڤ لە قەڵەم دەدات.
ئەمڕۆ پێگەی ''
نیویۆرک تایمز'' بڵاوی کردەوە، لە نووسراوەکەی ڤاتیکاندا هاتووە، گۆڕینی ڕەگەز دژی بەهاکانی مرۆڤە و ڕاستەوخۆ لە کەرامەتی مرۆڤ دەدات، پاپای ڤاتیکان پێی وایە ئەو ڕەگەزەی کە لە کاتی لەدایکبوونمانەوە خوا پێی بەخشیوین، دیارییەکی پیرۆزە و دەبێت ڕێزی لێ بگرین و سوپاسگوزار بین پێی، هەروەها گۆڕینی ڕەگەزی بنەڕەتی کارێکە کە لە کەرامەتی مرۆڤ دەدات.
لە نووسینەکەی ڤاتیکاندا زۆر دووپات لەوە دەکرێتەوە ژن نەبێتە کاڵا و بە پڕۆسەی کەسی سێییەم منداڵ نەخرێتەوە، دژی نووسراوەکەی پاپا کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازانی جیهان هۆشداریدا و باس لەوە دەکەن، بەهۆی قسەکانی پاپاوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا پاپای ڤاتیکان چەند ئاسانکارییەکی بۆ هاوڕەگەزخوازان کرد و پڕۆسەی هاوسەرگیریی لە نێوان هاوڕەگەزخوازان ئاسای کردەوە، بەڵام کڵێسای کاتۆلیکی بۆچوونێکی نەگۆڕیان هەیە و پێیان وایە دەستکاریکردنی ڕەگەز لە کەرامەتی مرۆڤ دەدات و کارێکی ڕێگەپێنەدراوە، پاپاش نوسراوەکەی پەسەند کردووە و ئێستە هاوڕەگەزخوازان نیگەرانن لە کڵێسا.