لە سۆشیال میدیا چۆن باسی هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی ئێران دەكرێت؟

:: PM:06:06:08/04/2024 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل كونسوڵگەی ئێرانی لە دیمەشق وێران كرد و ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی لەوێ كوشت، ئێران لە هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە بەردەوامە، ئەو هاوشێوەی ئەمەریكا لە دوای هێرشەكەی ئوردن هەڕەشە دەكات، بۆیە توندیی هەڕەشەكانی و دواخستنی وەڵامدانەوەی، گومان و گاڵەتەجاڕییان لەناو سۆشیال میدیا دروست كردووە.

سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران، ئەو وڵاتە كەوتووەتە دۆخێكی شلۆقەوە، ئەگەر وەڵام نەداتەوە پێگە و سەنگی لە ناوخۆی وڵاتەكە و لەناو میلیشیا و لایەنگرانی لە ناوچەكە لاواز دەبێت، ئەگەریش وەڵامێكی بەهێز بداتەوە، لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریكاوە وەڵامی دەدرێتەوە و دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت، ئێران كە تاڵاوی شەڕی هەشتساڵەی لەگەڵ عێراق چەشتووە ئەوەی ناوێت، بۆیە چاودێران پێیان وایە بە هاوشێوەی دۆخەكە لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی، چەند ئامانجێكی ئاسایی ئیسرائیل دەكاتە ئامانج، تەنیا بۆ ئەوەی بگوترێت وەڵامی داوەتەوە.

لە سۆشیال میدیا چەندان كۆمێنت و پۆستی گومانكار و گاڵتەپێكردن بەرانبەر بە هەڕەشەكانی ئێران بڵاو كراوەتەوە، لەوانە، ئێران وەڵامێكی لاوازی وەك ئەوەی دوای كوژرانی قاسم سلێمانی دەبێت، كاتێك ئیزنی لە ئەمەریكا وەرگرت و داوای چۆڵكردنی بەشێكی بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەدی كرد بۆ ئەوەی بە بەتاڵی بیكاتە ئامانج، حیسابێك بەناوی ژنێكەوە لە وەڵامی پۆستێكی هەڕەشەئامێزی ئێران نووسیویەتی، ئەگەر وەڵام بدەنەوە وێنەی خۆم بە رووتی بڵاو دەكەمەوە.

لە وەڵامی پۆستێكی تەلەڤزیۆنی ئێران بەوەی چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئێران بن، كۆمێنتێك هاتووە و دەڵێت، ئەوەی نیازی تۆڵەسەندنەوەی هەبێت رای ناگەیەنێت و وەك یارییەكی چاوەڕوانكراو ئیزن لە ئەمەریكا وەرناگرێت، ئەوە هەڵەیەكی سەربازییە، مەگەر لەسەر چەند ئامانجێكی دیاریكراو رێك كەوتبن.

پۆستێكی تر نووسیویەتی، چەند رۆژێكە لە ئەمەریكا دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی چەند ئامانجێكیان بۆ دیاری بكات بۆ ئەوەی بۆ پاراستنی ئابڕوویان بۆردمانی بكەن، بەڵام ئیسرائیل قبووڵی ناكات، چونكە رێگە بۆ لێدانی لەلایەن خەڵكی تریشەوە خۆش دەكات، وەك چۆن كاتێك ئەمەریكا رێگەی بە كردنەئامانجی چەند ناوچەیەكی چۆڵكراوی بنكە سەربازییەكانی دا، كەچی ئێستە هەر یەكێك پیكابێكی هەبێت هێرش دەكاتە سەر بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا، بۆیە ئێران چاوەڕوان دەكات تا ئیسرائیل رازی دەبێت كە چەند ناوچەیەكی بەتاڵی خاكەكەی بۆردمان بكات، با سەیری بكەین ئاخۆ ئەمەریكا دەتوانێت ئیسرائیل رازی بكات. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كە بە كوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی و ژمارەیەك هاوەڵیان لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لە 2020 گەورەترین گورزی لە ئێران دا، ئەوكات لە دوای هەڕەشەكانی ئێران بۆ تۆڵەكردنەوە لە كوژرانی سلێمانی ئاشكرای كرد كە ئێرانییەكان بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكانیان پێوەندی بە ئیدارەی ئەمەریكاوە دەكەن.

زیاتر گوتی، ئێران پێشتر سەبارەت بە هێرشەكانی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە دوای كوژرانی سلێمانی بە ئەمەریكای راگەیاند و پاساوی ئەوەی هێنایەوە كە بۆ پاراستنی ئابڕووی لەبەردەم رای گشتی دەبێت ئەوە بكات، بۆیە ئێرانییەكان پێوەندییان پێوە كردین و گوتیان هیچ بژارەیەكی ترمان نییە، پێویستە بۆ پاراستنی ئابڕوومان لە ئێوە بدەین، بۆیە من لەوە تێگەیشتم كە لەوانمان داوە و دەبێت ئەوانیش شتێك بكەن، ئەوان گوتیان بە 18 مووشەك بنكەیەكی سەربازیی ئێوە دەكەینە ئامانج، بەڵام نیگەران مەبن مووشەكەكان ناگەنە ناو بنكە سەربازییەكان. 

غەیس تەمیمی، سیاسەتوانی بەرهەڵستكاری شیعە لە پۆستێك باسی ئەو قسانە دەكات كە ئاماژە بۆ لێكگەیشتنی تاران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكات، كاتێك ترەمپ دەڵێت، لە دوای كوشتنی سلێمانی، تاران داوای لێ كردووە هێرشێكی شێوەیی بە مووشەكی بێ كڵاوەی جەنگی لە دەرەوەی سنووری بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی ئەنجام بدات، ئەمڕۆش گوێمان لەوە دەبێت كە لەگەڵ ئیسرائیل لەبارەی وەڵامدانەوەیەكی قبووڵكراو و قبووڵ نەكراوە بۆ هێرشەكەی دیمەشق گەیشتووەنەتە لێكگەیشتن. 

تەمیمی باسی چەند سیناریۆیەك سەبارەت بە دیوی پشتەوەی هێرشەكەی دیمەشق دەكات، لەوانە تێوەگلانی موجتەبا خامنەیی، بە پاڵپشتیی باوكی لە هێرشەكە، بۆ خۆڕزگاركردن لە نەوەی قاسم سلێمانی لەناو سوپای پاسداران و دەوڵەت، ئەوەش وەك رێخۆشكردن بۆ ئەوەی شوێنی باوكی وەك رابەری شۆڕشی ئێران بگرێتەوە، ئەو سیناریۆیەش رەنگە ئەوە لێك بداتەوە كە خامنەیی چۆن سەیری كوژرانی سلێمانی و مووسەوی و زاهیدی و دەیان فەرماندەی تری ئێرانی دەكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل