"رێككەوتنی دوایی لەگەڵ بەغدا دوورخستنەوەی دەستی حزب و رێگرتن بوو لە موزایەدە بەسەر خەڵك"

:: PM:10:39:08/04/2024 ‌

شارەزا و سیاسەتوانان باس لەوە دەكەن كە ئەو رێككەوتنەی ئەمجارە لە نێوان هەرێم و بەغدا كرا، بەتەواوی مۆركی حكوومی پێوە دیارە و رێگە نەدرا حزب دەستوەردانی تیادا بكات و دەستكەوتی گەورەی لێ كەوتەوە، دووپاتی دەكەنەوە كە رێككەوتنەكە بەتەواوی لە ئاستی باڵای حكوومیدا كراوە و ئەوە كراوە كە فەرمانبەران چاوەڕێیان دەكرد.

ئەو سیاسەتوانانە باس لەوە دەكەن كە هەنگاوی ئەمجارەی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە، گرنگ و كاریگەر بوو بازاڕی بەتەواوی جوڵاندووە، بۆیە متمانەی نێوان خەڵك و حكوومەت زیاتر دەكات، هاوكات رێككەوتنی دوایی لەگەڵ بەغدا دوورخستنەوەی دەستی حزب و رێگرتن بوو لە موزایەدە و چەواشەكاری بەسەر خەڵك.

رەسووڵ رەئووف، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو رێككەوتنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو كۆتاهێنان بە چارەسەری كێشەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ بەغدا كردی، رێككەوتنێك بوو بەتەواوەتی مۆركی حكوومی پێوە بوو، كەسی باڵا لەو رێككەوتنە رۆڵی هەبوو، لەسەر ئاستی باڵای حكوومەت ئەو كارە كرا و ئەوەی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران بوو ئەوە كرا، دوورخستنەوەی دەستی حزب بوو لەو كارە گرنگانە و رێگە نەدان بە موزایەدە و چەواشەكاری بەسەر خەڵك و دروستكردنی سەرئێشە بۆ خەڵك.

باسی لەوەش كرد، یەكەمجارە حكوومەت رێككەوتنێك بكات كە رێگە نەدرێت حزب دەستی تێ بخات و دەستكەوتیشی بۆ خەڵك هێنا، هەر رێككەوتنێكی حزبی ئەگەر كرابێت، یان بۆ بەرژەوەندی بووە یان هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە ئەوە حكوومەتە دەزانێت چی لە بەرژەوەندیی خەڵكە، ئەوەی ئەمجارە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو و وای كرد كۆتایی بە كێشەی مووچە بێنێت، ئەوەی كرا بەتەواوی بۆ خزمەتی خەڵك بوو، ئەمە دڵنیاییەكە بۆ خەڵك بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانە لە نێوان خەڵك و حكوومەت هەڵبكشێت و رێگە نەدرێت حزب دەستی لەو كارانەدا هەبێت.

لای خۆیەوە نەزیرە جاف، شارەزا و راوێژكاری یاسایی بە "وشە"ی گوت، كاتێك لە نێوان دوو لایەنی فەرمی، واتە دوو حكوومەت رێككەوتن دەبێت، ئەوە رێككەوتنێكی فەرمی و یاسایی دەبێت، بەرگێكی جیاوازی بە بەردا دەكرێت، هەردوولا لەسەر شتێك رێك دەكەون كە خزمەت بە خەڵك بكات و ئامانج لێی بەرژەوەندیی تایبەتی و كەسی نییە، حكوومەتی هەرێمی هەردەم لەگەڵ چارەسەری كێشەكان بووە، ئەوەشمان بینی لە ماوەی رابردوو هەركەس هەڵدەستا دەرۆیشتە بەغدا و دەیگوت ئەوەمان كردووە و ئەوە دەكەین، بەڵێنی جۆراوجۆریان بە خەڵك دەدا و هیچ بەو جۆرەش نەبوو تەنیا چەواشەكاری بوو، بۆیە حكوومەت لەگەڵ كەس و لایەن مامەڵە ناكات، ئەوەی ئەمجارەش كرا بەتەواوی جیاواز بوو و دەركەوت كاتێك حكوومەت رێككەوتن بكات چۆنە و كەس و لایەنیش بە زارەكی قسەیەك دەكەن چۆنە.

پێوەست بە بابەتەكە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، رێككەوتنەكەی حكوومەت لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، وای كرد فەرمانبەران لە هەفتەیەكدا دوو مووچە وەربگرن و جووڵەیەكی زۆر باش بكەوێتە بازاڕ و باس لە دابەشكردنی مووچەی مانگی چواریش لە دوای جەژن دەكرێت، ئەمە حكوومەت پێشكەشی خەڵكی كرد، چونكە حكوومەت دەزانێت چی بۆ خەڵك باشە و چی خزمەت بە خەڵك دەكات، چونكە بابەتە گرنگ و پێوەندیدار بوو بە ژیانی خەڵك، حكوومەت رێگەی نەدا حزب كاری تێدا بكات و دواتر گرفت دروست بكات و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری بێنێت.
                
وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل