کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی رفاندنی چالاکانی سیاسی و سڤیلی کورد لە هەرێمی کوردستان و تورکیادایە

:: AM:10:17:11/04/2024 ‌
راپۆرتی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دەیسەلمێنێت کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دزەکردنە نێو باندەکانی قاچاخی مرۆڤ لە تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و سڤیلدایە.

لە چەند ساڵی رابردوودا بە تایبەتی دوای بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، ژمارەیەکی زۆر لە زیانبەرکەوتووان و چالاکان لە ئێران پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا بردووە، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای بەکارهێنان و دزەکردنی هێزە خۆجێییەکانی لە نێو باندەکانی قاچاخی مرۆڤ هەوڵی ڕفاندن و گواستنەوەیان بۆ ئێران دەدات.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە، لە ڕێگای گفتوگۆ و تۆمارکردنی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ لەو کەسانەی کە بە پرۆسەی پەنابەری لە هەرێمی کوردستاندا سەرقاڵن، بۆیان دەرکەوتووە کۆماری ئیسلامی بە دزەکردن لە نێو کەسانێک کە لەژێر ناوی یارمەتی گەیاندن بە پەنابەران لە ڕێگای ئەورووپادا چالاکی دەکەن، لە ڕێگای هێزەکانی خۆیەوە خەریکی نائەمنکردنی ڕێگاکانی چوونە دەرەوەی پەنابەران و ڕۆیشتنیان لە تورکیایە.

ماوەیەکە ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران بەدوای ناسینی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی چالاک لە وڵاتی تورکیایە
یەکێک لەو چالاکانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، زانیارییەکانی خۆی لەو بوارەدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ''ماوەیەکە ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران بەدوای ناسینی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی چالاک لە وڵاتی تورکیایە. ئەوان سەرەتا بنەماڵەکانیان لە ئێران بەمەبەستی هاوکاریکردن لەژێر گوشار دادەنێن، دواتر لە ئەگەری هاوکارینەکردنیان، بە سەختی هەڕەشەیان لێد ەکرێت و لە قۆناغی دواتر لەگەڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە تورکیا بەمەبەستی ناسینی کەسانی تر لە بەرانبەر پێدانی پارەیەکی بەرچاو و هەندێک بەڵێنی داوای هاوکاری دەکەن. هێزەکانی سوپا زیاتر کەسانێک لە ژێر گوشار دادەنێن کە هاتوچۆی ئێران دەکەن''.

 ئەو سەرچاوەیە ڕای گەیاندووە کە ئەوان هەر بەو مەبەستە لە باندەکانی قاچاخی مرۆڤ، دەڵاڵەکان و نووسینگەکانی پارەگۆڕینەوە بۆ لە داو هاویشتنی چالاکانی سیاسی و سڤیل کەڵک وەردەگرن.

جگە لەمە ئەو رێکخراوە زانیویەتی گرووپێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی''یارمەتیدانی پەنابەران'' لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا بەتایبەت لە سێ شاری وان، ئیستەنبوڵ و ئاگری جێگیر کراون. ئەو گرووپە خەریکی پێوەندیی بەربڵاون لەگەڵ پەنابەرانی سیاسی بەمەبەستی دەستبەسەرکران، گوشار خستنەسەر و باج وەرگرتن لەو کەسانە.

یەکێکی تر لەو کەسانەی کە دانیشتووی تورکیایە و ناخوازێت ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت ''بە سەرنجدانی بارودۆخی ئێستە، لەو قۆناغەدا پەنابەرانی سیاسی دەبێت تا بۆیان دەکرێت لە ڕۆیشتن بەرەو ئەورووپا خۆبپارێزن.''

لە لایەکی ترەوە ئەوە ئاشکرا بووە کە تەنانەت چالاکانی سیاسیی خۆشناو و ئەو قاچاغبەرانەی پێشینەیەکیان هەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە سەختی لەژێر گوشاردان و کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری هاوکارینەکردن ناویان دەزڕێنێت.

ئەو سەرچاوە رای گەیاندووە مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە تورکیا بە بانگەشەی یارمەتیگەیاندن پێوەندییان بە پەنابەرانەوە گرتووە و بە بەڵێنی وەرگرتنی بڕی پارەی 50% لە حاڵەتی ئاسایی، بەدوای دەستبەسەرکردنی ڕاستەوخۆ یان نیشاندانی زانیارییەکانیان بە دەزگا ئیتLاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەن.

یەکێک لەو پەنابەرانەی کە لەم دوایییانەدا بەهۆی ئەو دۆخەی باسی کرا، لە تورکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی لەو بارەدا دەڵێت ''کەسانێک لە تورکیا شوێنم کەوتبوون و بە دڵنیابوونەوە لە مەترسییەکانی مانەوە لەوێ، لە درێژەدان بە ڕێگاکەم پاشگەز بوومەوە و گەڕاومەتەوە''.

سەرچاوەیەکە پێیڤ وایە شێوازی کاری کۆماری ئیسلامی بەتەواوی گۆڕاوە. ئەوان کەسانێکیان بە ناوی چالاکی سیاسی یان حزبی پەروەردە کردووە کە بڕوای چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەدەست بهێنن. بەو مەبەستە ئەو کەسانە پارەیەکی 60%    تا 70%  کەمتر بۆ گواستنەوە داوا دەکەن تا دەستیان بە چالاکەکان بگات.

ئەو سەرچاوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پێشبردنی پلانی ڕفاندن لە بەکارگرتنی هێزە کوردەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی بڕوای پەنابەران کەڵک وەردەگرێت، گوتوویەتی ''بەوشێوەیە ڕێگای ڕفاندنی چالاکان لە تورکیاوە بۆ ئێران، تا ئاستێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئاسایی کراوەتەوە، لەو ڕێگایەدا هێزەکانی پاراستنی سنووریش بوونیان نییە. دۆخەکە بە جۆرێکە کە ئێستە کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە ناو و ناسنامەی ئەو چالاکانەی کە لە هەرێمەوە دەچنە تورکیا بەتەوای ئاگادارە و لە شارەکانی وان، ئیستەنبوڵ و ئاگری بە کەڵکوەرگرتن لە هێزەکانی خۆی بۆ گواستنەوەیان بەرەو ئێران هەوڵ دەدات.''

نەک بۆ چالاکانی کورد، بەڵکوو بۆ هیچ چالاکێکی مەدەنی تریش ئارام نییە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی چالاکانی مەدەنیی ئێران، بەتایبەت چالاکە کوردەکان، لە بارودۆخێکی ناڕوون و دژواردا لە هەرێمی کوردستان دەژین. نەبوونی ڕێوشوێنێکی مافی مرۆڤ کە ڕێکخراوە گەورەترەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی و جیهانی پاڵپشتیی لێ بکەن دۆخێکیان بۆ ئەو چالاکانە لە هەرێمی کوردستان ساز کردووە، کە لە ئاکامدا ئەو ڕێگایە نەک بۆ چالاکانی کورد، بەڵکوو بۆ هیچ چالاکێکی مەدەنی تریش ئارام نییە. زۆرێک لە چالاکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پاراستنی خۆیان ناچارن بوونی خۆیان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا نەکەن.

جێی باسە هەنگاو لەم دوایییانەدا لە ئەگەری زۆری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی یەکێک لە هاوکارەکانی خۆی بە ناوی حوسێن باقری (ژاکان باران) لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە ڕێگەی بانگەشەی یارمەتی گەیاندن بۆ گەیاندنی ناوبراو بە ئەورووپا، ڕاپۆرتی بڵاو کردووەتەوە و داوای لە سەرجەم چالاکانی سیاسی و مەدەنیی پەنابەر و دانیشتووی تورکیا و هەرێمی کوردستان کردووە  لە ئەگەری هەڕەشەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵگەکانی هەڕەشەکردنیان، بۆ هەنگاو بنێرن.


وشە - سلێمان تاشان