رۆحى مرۆڤ یەک گرامە

:: PM:02:28:12/04/2024 ‌
ئەمیندارى فەتواى خانەى فەتوای میسر، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەوەی فریشتەی مەرگ چۆن ڕۆحی مرۆڤ دەکێشێت و چۆن لە یەک کاتدا زیاتر لە ڕۆحێک دەکێشێت، ئەمەش دەرگای مشتومڕی لەسەر نهێنیی "ڕۆح" و کێشی ڕۆح کردەوە.

د.محەمەد عەبدول سامی ئەمیندارى فەتوا لە میسر، لەمیانی بەرنامەیەکدا کە لە کەناڵی "ئەلناس"ی ئاسمانی کە دوێنێ پێنجشەم پەخش کرا گوتی، ڕۆح نهێنییەکە بە جەستەی مرۆڤدا دەڕژێت وەک چۆن ئاو بە ڕووبارێکی سەوزدا دەڕژێت، لە تاقیکردنەوەکەیدا زانایەکی فڕەنسی پشکنینی کێشی ڕۆحی مرۆڤی کردووە و ئاشکرایکردووە کە یەکسانە بە یەک گرام.

زیاتر گوتى، ئەو زانا فڕەنسییە تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامدا بۆ کێشکردنی جەستە کە ڕۆحی تێدایە، دوای ئەوەی ڕۆحەکە دەرچوو، سەرەتا ڕۆح لە پێی کەسەکە دێتە دەرەوە و پاشان لە کۆتاییدا لە سەر و مێشک دەردەچێت، تاوەکو ژیانی تێدا نامێنێت و چیدی و کەس ناتوانێت بیگەڕێنێتەوە بۆ ژیان.

د.محەمەد لە گوتەکانیدا فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەفەرمووێ: "ئەی جابیر بۆچی دەتبینم تێکشکاویت، وتم: ئەی پێغەمبەری خودا باوکم شەهید بوو، لە ڕۆژی ئوحوددا کوژرا، منداڵ و قەرزی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. پێغەمبەر فەرمووى: ئایا مژدەی ئەوەت پێ بدەم کە باوکت بەچی دەگات بە خودا؟ گوتم: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خودا، گوتی: خودا هەرگیز لەگەڵ کەس گفتوگۆی نەکردووە مەگەر لە پشت پەردەی خۆیەوە نەبێت و باوکتی زیندوو کردەوە و پێی فەرموو: ئەی بەندەکەم، ئاواتێک بخوازە و منیش پێت دەبەخشم، گوتی: ئەی پەروەردگار، زیندووم بکەرەوە، تاوەکو بۆ دووەمجار لە پێناوتدا بکوژرێم. پەروەردگاری بەرز و پیرۆز فەرمووی: بەڕاستی پێشتر لە منەوە بڕیار دراوە کە ناگەڕێنەوە بۆ ژیان، وە ئەم ئایەتە دابەزی کە دەفەرمووێ: وا نەزانن ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا کوژراون مردوون.

ئەم باس و بەڵگانەی کە ئەمیندارى فەتواى میسر هێناویەتییەوە ئاراوە، ڕەنگە مشتومڕ دروست بکەن، بەتایبەتی ئەوەی لەبارەی ڕۆحەوە زانراوە ئەوەیە، جگە لە خودا کەس نهێنییەکەی نازانێت، وەک لە قورئاندا هاتووە: پرسیارت لێ دەکەن لەبارەى ڕۆح. بڵێ: ڕۆح لە فەرمانی پەروەردگارمەوەیە و زانستتان پێ نەدراوە تەنها کەمێک نەبێت.


وشە - رزگار خدر