كێ دۆسیەی نەوت لە سووریا بەڕێوە دەبات؟

:: PM:07:31:13/04/2024 ‌

ئەگەرچی سووریا یەكێك نییە لە وڵاتانی گەورە و كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی وزە و نەوت لە دنیا، بەڵام بڕێك نەوت و دەیان كێڵگەی نەوت و غازی هەیە و سەرچاوەیەكی باشی داهات و پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆیی ئەو وڵاتەن، بەر لە شۆڕشی سووریا لە 2011 سوودی گەورەی هەبووە و ئێستەش بووەتە مایەی ململانێی نەیاران، بەڵام كێ دۆسیەی نەوت بەڕێوە دەبات و پارەكەی بۆ كوێ دەچێت؟

بەرهەمی نەوتی سووریا 0.05%ی بەرهەمی نەوتی دنیا پێكدێنێت، بە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل، كە زیاتر بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆیی بەكار هاتووە، بەڵام سەرەڕای سنوورداری و كەمیی ئەو بڕە نەوتە، بەڵام سەرچاوەیەكی باشی داهات بووە، لە دوای 2011 و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە، كە خاكەكەی بەسەر چەند ناوچەیەكی دەسەڵات دابەش بوو، لەوانە گرووپە توندڕۆكان و میلیشیا شیعەكان و هێزەكانی ئێران و رووسیا ئەمەریكا و توركیا، ئەو داهاتە لە دەستی حكوومەتی سووریا دەرچوو، ئێستەش دوای 13 ساڵ ئەو بڕە نەوتە بە دەست چەند هێزێكی جیاواز و نەیار بۆ یەكترییە.

لە 2010 كۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا 141 ملیۆن بەرمیل بوو، واتە رۆژانە 366 هەزار بەرمیل بەرهەم هاتووە، بەتایبەتی لە كێڵگەكانی وەك سویدییە لە پارێزگەی حەسەكە كە گەورەترین كیڵگەی نەوتی سووریایە و پێش 2011 توانای بەرهەمهێنانی 116 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو، كێڵگەی رمێلان لە حەسەكە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 90 هەزار بەرمیل بوو، كێڵگەی نەوتی عەمەر لە دێر زوور توانای بەرهەمی رۆژانەی 80 هەزار بەرمیل نەوتە، دوای ئەوانەش كیڵگەكانی تیم و وەرد لە دێر زوور، كە توانای بەرهەمهێنانی هەردووكیان 100 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.

حكوومەتی سووریا بە هۆكاری جیاواز و بە بەردەوام بەرهەمهێنانی راستەقینەی نەوتی شاردووەتەوە و بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ فرۆشتوویەتی، لە 2012 رژێمی سووریا كێڵگەكانی لەدەست دەرچوو، كە زۆرینەیان كەوتوونەتە باكوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بۆیە ئێستە زۆرینەی كیڵگ نەوتییەكانی سووریا بە دەستی هێزەكانی سووریای دیموكراتە، كە لە كۆتایی 2019 ئەو ناوچانەی بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا لە داعش پاك كردەوە، ئێستە كۆنترۆڵی سێ گەورەترین كێڵگە نەوتییەكانی سووریا دەكات، ئەوانیش سویدییە و رمێلان و عومەرن، جیا لە 10 كێڵگەی تری وەك تنەك و جەفرە و كۆنیكۆ لە هەردوو پارێزگای حەسەكە و دێر زوور.   

بەپێی سەرچاوەكان كۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە كێڵگەكانی ژێر ەسەڵاتی هەسەدە دەگاتە 28 هەزار بەرمیل نەوت و بە سێ لایەنی دەفرۆشێت، رژێمی سووریا، كە نرخی هەر بەرمیلێك 25 بۆ 30 دۆلارە و لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە لە دەروازە هاوبەشەكانەوە رەوانە دەكرێت، بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە نرخی 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لە ناوچەی جەرابلس، بەشێكیشی رەوانەی هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی شنگال رەوانە دەكرێت.

لە بەرانبەردا حكوومەتی سووریا كۆنترۆڵی ژمارەیەك كێڵگەی نەوت دەكات، دیارترینیان تیم و وەرد و شولا و شمێتییە، جیا لە هەردوو وێستگەی مهاش و خەراتەی نەوتی، كۆی توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەو كیڵگانە دەگاتە 18 هەزار بەرمیل نەوت و لە پاڵاوگەی بانیاس دێتە پاڵاوتن. 

توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە كیڵگەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە بەراورد بە یەدەگی نەوتییان سنووردارە، چونكە توانای زۆری چاككردنەوە و پەرەپێدانی ئەو كیڵگانەی نییە، جیا لەوەی ناوە ناوە توركیا بۆردمانیان دەكات، چونكە وەك سەرچاوەیەكی داهات بۆ هەسەدە سەیریان دەكات، دوایین زنجیرە هێرشی ئاسمانی توركیا بۆ سەر ئەو كیڵگە نەوتییانەی ژێر دەستی هەسەدە لە باكوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە تشرینی یەكەمی 2023 تا كانوونی دووەمی 2024 بوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل