گژوگیا بەهارییەكان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

:: PM:09:31:13/04/2024 ‌

هەرێمی كوردسـتان بە گژوگیا سروشتییەكان دەوڵەمەندە، كە زۆرێكیان لە وەرزی بەهاردا دەڕوێن، بەشێكیان بۆ داودەرمان سوودیان لێ وەردەگیرێت، بەشێكیشی بۆ خواردن و فرۆشتن وەك سەرچاوەی داهات، بەڵام بەهۆی هەڵكێشانیان لە رەگەوە، ئەوەش مەترسیی لەناوچوونیان زیاتر دەكات، بۆیە داوا دەكرێت چارەسەرێك بۆ ئەو كێشە دابنرێت .

جابر وەسمان، ژینگەدۆستێكی شارۆكەی سیدەكانە بە "وشە"ی گوت، گژوگیا خۆڕسكییە بەهارییەكان وێڕای ئەوەی بوونەتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ كاسبكاران، بە تایبەتی رێواس و كاردو و لێرك و لووش و هەندرێشە، خەڵكانێكی زۆر روویان تێ دەكەن، كە جیا لە خواردن چەندین سوودی تریان هەیە، وەك ژینگەدۆسـت ئامۆژگاریی كاسبكاران دەكەین كە چیتر نەبنە هۆی لەناوچوونی ئەو گژوگیایانە، چونكە زۆر بێویژدانانە و دوور لە ئینتیمای نیشتمانی و ژینگەپارێزی رووەكەكان لە رەگەوە هەڵدەكێشن، ئەمەش وا دەكات ساڵ بەساڵ لەناو بچن، بۆیە داوا دەكەین حكوومەت سنوورێك بۆ ئەو مەترسییە ژینگەییە دابنێت .

لای خۆیەوە هاوكار بارزان، ژینگەدۆستێكی تری شارۆكەی چۆمانە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، دوو ساڵە داوا دەكەین رێگری لە لەناوبردنی گیا بەهارییەكان بكەن، كە خەریكە بەتەواوی لەناو دەچن، زۆرێكیان ئەوساڵ بە رێژەیەكی زۆر كەم ماون، بەتایبەتی كەنگر و لووش و كاردو، ئەوەش بەهۆی هەڵكێشانیان لە رەگەوە لەلایەن ئەو كەسانەی بۆ خواردنی خۆیان یان بۆ فرۆشتنەوە رۆژانە روو لەو ناوچانە دەكەن .
زیاتر گوتی، داوا لە لایەنی پێوەندیدار بەو بابەتەوە دەكەین كە بە هانای ئەو سروشتە جووانەوە بێن، تا چیتر كۆمەڵكوژ نەكرێت، بۆیە مایەی نیگەرانییە كە خەڵكانێك بە ناوی  پەیداكردنی بژێوی ژیانیان بەو گیا بەهارییانە ژینگە دەشێوێنن و زۆرجار بەبێ هۆ بێویژدانانە گوڵە رەنگاوڕەنگەكانیش دەشێوێنن .

پێوەست بەو بابەتە هەژار ئێدلبی، سەرۆكی فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەو پێیەی خاكی بەپیتی كوردستان ئەگەر لە روانگەیەكی جوگرافییەوە هەڵوەستەی لەسەردا بكرێت، دەبینین خاكێكی بەپیت و بەرەكەتە، بەمەش كشتوكاڵ بەشی شێری لەم سەرچاوەیەدا دەبینێت، لەبەر ئەوەی ئیدارەی سۆران دەڤەرێكی چیاییە، چەندان جۆر گیای لێ شین دەبێت و دەهێنرێتە بازار و كڕین و فروشتنی پێ دەكرێت، رۆژانە خەڵكێكی زۆر بۆ كڕینی گیای بەهاری سەردانی بازاڕەكانی سۆران و دەوروبەری دەكەن، هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا هاووڵاتییان ئارەزووی خواردنی گژوگیا بەهارییەكان دەكەن، بەو هۆیەشەوە خواستیان لەسەر زیاد دەكات.

گیا بەهارییەكان جگە لە چێژەكەی، سوودی بۆ تەندروستیش هەیە، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران دووپاتی كردەوە، ئەوەی جێگای داخە زۆربەی جار ئەم گیایانە دەكەونە بەر شاڵاوی قەتلوعامكردن و بە دەرهێنان لە رەگەوە یان بە شێوازێكی ناتەندروستییانە لێ دەكرێنەوە و دەشێوێنرێن، بۆ ساڵی دواتر  ئەم گیایانە شین نابنەوە و لەناو دەچن، بۆیە وەك فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران داواكارین لەو هاووڵاتییانەی سەردانی ناوچە شاخاوی و چیاییەكانی كوردستان دەكەن، بیر لەوە بكەنەوە كە ئەم گیایە لە ژینگەیەكی وێنای پاكەوە لە زەوی دێتە دەرەوە بێ ئەوەی دەستكاری كرابێت، بۆیە دەستكاری ناتەندروست زیانی زیاترە لەوەی سوودی هەبێت.

"لە زۆر شوێنی دنیا ئەمجۆرە خواردنە سروشتییانە دەبنە شوێنگرەوەی داودەرمان و شوێنی تایبەتیان هەیە، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین پارێزگارییان لێ بكەین و لەبەر ئەوەی چەندان ساڵە نازانستییانە زیانێكی زۆر بەو گیا بەهارییانە كەوتووە، داوا لە لایەنی پێوەندیدار دەكەین بۆ ماوەی ساڵێك كۆكردنەوەیان قەدەغە بكرێت، بۆ ئەوەی باشتر گەشە بكەن و بتوانین زیاتر سوودیان لێ وەربگرین"، هەژار ئێدلبی، سەرۆكی فەرمانگەی ژینگەی سۆران وای گوت.

سۆران/ سدقی كوێستانی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل